سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەسەر رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران هاتە دەنگ

هۆشداریی دەداتە هاوپەیمانەکانی
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل

K24- هەولێر:

بێنیامین نەتەنیاهو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەبارەی زیندووکردنەوەی رێککەوتننامەی ئەتۆمی ئێران هاتە دەنگ.

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل داوایکرد، رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران زیندوو نەکرێتەوە، چونکە ئەمە رێگەی بۆ خۆشدەکات، دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات.

لە دوای کۆبوونەوەی ئێران و وڵاتانی رۆژئاوا لەسەر چارەسەرکردنی کێشە ئەتۆمییەکانی ئێران نەتەنیاهو رایگەیاند: ''بە هاوڕێ نزیکەکانمان دەڵێین، با هەڵە نەکەین، رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران، رێگەی بۆ خۆشدەکات دەستی بەچەکی ئەتۆمی بگات''.

ئاماژەی بەوەشکرد: ''چەکێک کە هەڕەشەی لەناوبردنمانی پێدەکات، رێککەوتنێکی لەمجۆرە هیچ پەیوەندی بە ئێمەوە نییە، تاکە شتێک کە ئێمە گرێدەداتەوە بەم بابەتە، رێگریکردنە لەوانەی هەوڵ بۆ وێرانکردنمان دەدەن''.

سێشەممەی رابردوو، لە ڤییەنا، کۆبوونەوە لەگەڵ ئێران لەبارەی رێککەوتنی ئەتۆمی کرا، لە دوای کۆبوونەوەکە، ئەمەریکا رایگەیاند، کۆبوونەوەکە سەرکەوتوو بووە و ئامادەیی وڵاتەکەی دەربڕی بۆ چوونەوە ناو رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران.