یانه‌ی هه‌ولێر بۆ تۆڵه‌كردنه‌وه گه‌شتی شاری میسانی كردووه
له گه‌ڕی 27ـه‌می خولی نایابی عێراقی، یانه‌ی هه‌ولێر ده‌بێته میوانی نه‌فتی میسان، یارییه‌كه‌ش كاتژمێر(5:30)ـی ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ له په‌یجی كوردستان24 سپۆرت ده‌گوازرێته‌وه.
هه‌ولێر له‌ژێر سه‌رپه‌رشتی لوئه‌ی سه‌ڵاحی راهێنه‌ر دوایین مه‌شق و راهێنانه‌كانی له‌سه‌ر یاریگه‌ی نه‌فتی میسان ئه‌نجام داوه وچه‌ند رۆژێكه ئاماده‌كاری باشی بۆ ئه‌م یارییه كردووه، ته‌نها به‌هۆی پێكان له تواناكانی فیراس فنجان بێبه‌ش ده‌بێت، ئێرتۆنی به‌رازیلیش به‌هۆی كه‌ڵه‌كه‌بوونی كارته زه‌رده‌كانی به‌شداریی یارییه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ ناكات.
نیاز محه‌مه‌دی به‌رگریكاریشی له یاریی رابردووی تووشی پێكانێكی مه‌ترسیدار ببو، به‌ڵام لوئه‌ی سه‌ڵاح بانگهێشتی كردووه و ناوی له لیستی یاریزانه‌كان دا هاتووه.
هه‌ولێر له یاری رابردوو له نێو یاریگه‌ی خۆی دوو خاڵی به‌رامبه‌ر نه‌جه‌ف له‌ده‌ستدا، له كۆی 26 یاریی ڕابردووی خاوه‌نی 29 خاڵه و له پله‌ی دوازده‌یه‌م دێت، 28 گۆڵی تۆمار كردووه و 26 گۆڵی لێكراوه، كه رێژه‌یه‌كی زۆره بۆ به‌رگری هه‌ولێریه‌كان.
تیپه‌كه‌ی قه‌ڵا و مناره 6 بردنه‌وه‌ی تۆماركردووه و 11 یه‌كسانبوونی هه‌یه، 9 جاریش تووشی دۆڕان هاتووه.
له به‌رامبه‌ردا نه‌فتی میسان، ئاست و ئه‌نجامی له هه‌ولێرییه‌كان باشتره، له كۆی 26 یاریی رابردوو، 36 خاڵی كۆكردووه‌ته‌وه، كه 8 بردنه‌وه و 12 یه‌كسان و 6 دۆڕانی هه‌یه.
له كۆی 6 یاریی رابردووی نێوان هه‌ولێر و نه‌فتی مسان، زه‌ردپۆشه‌كانی هه‌ولێر له دوو یاریی براوه‌بوونه و نه‌فتی میسانیش له دوو یاریی براوه‌بوونه‌وه، له دوو یارییش یه‌كسان به‌شیان بووه، له قۆناغی یه‌كه‌می یارییه‌كانی ئه‌م وه‌رزه‌ش هه‌ولێر له یاریگه‌ی خۆی به گۆڵێكی بێبه‌رامبه‌ر به نه‌فتی میسان دۆڕاوه، بۆیه به‌دوای تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌دا ده‌گه‌ڕیت.