واشنتن: نیگەرانین لە بەردەوامبوونی بە ئامانجگرتنی كاروانەكان لە عێراق

"ئەمەریكا رازییە لەسەر ئەو پشتیوانییە بەھێزەی حكومەتی عێراق پێشكەشی دەكات بۆ پاراستنی دەزگاكانی بیانی"
ماتیۆ تولەر، باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق
ماتیۆ تولەر، باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق

K24 – ھەولێر:

باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق، ماتیۆ تولەر، ئەمڕۆ پێنجەشەممە نیگەرانی خۆی راگەیاند، لە بەردەوامبوونی بە ئامانجگرتنی ئەو كاروانانەی ھاریكاری بۆ عێراق دەگوازنەوە.

ھەندێك لەو كاروانانەی ھاریكاری لۆجیستی بۆ ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق دەگوازنەوە، بەردەوام لە لایەن گروپە چەكدارەكانەوە ده‌كرێنه‌ ئامانج به‌ تایبه‌تی له‌ رێی بۆمبی چێنراو.

تولەر لە میانی لێدوانیدا بۆ كۆمەڵەیەك لە رۆژنامەنووسان گوتی: "لە دانوستانی ستراتیجی نێوان بەغدا و واشنتن تیشك خرایە سەر لایەنە ھاوبەشەكان و ھەروەھا بەرژەوەندی عێراق".

گوتیشی: "دانوستانەكە پابەندی جددیانەی سەرۆك بایدنی پیشان دا".

تولەر ئاماژەی كرد "وڵاتەكەی رازییە لەسەر ئەو پشتیوانییە بەھێزەی حكومەتی عێراق پێشكەشی دەكات بۆ پاراستنی دەزگاكانی بیانی".

دوێنێ سێیەم گەڕی دانوستانەكانی ستراتیجی نێوان بەغدا و واشنتن بەڕێوەچوو و رێككەوتن لەسەر دانانی خشتەیەكی كاتی بۆ كشانەوەی ھێزەكانی ئەمەریكا له‌ عێراق.