له‌ ئێران ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنا 2 ملیۆن كه‌سی تێپه‌ڕاند

ھەندێك لە شارەزایانی تەندرووستی داوای داخستن و قەدەغەی ھاتووچۆی تاران دەكەن
كۆرۆنا لە ئێران
كۆرۆنا لە ئێران

K24 – ھەولێر:

ئەمڕۆ پێنجشەممە ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنا لە ئێران بە فەرمی دوو ملیۆنی تێپه‌ڕاند و ژمارەی تووشبووانی رۆژانەش ژمارەیەكی پێوانەیی تۆماركرد و بەرپرسێكیش بە "بەرزبوونەوەیەكی زۆر خێرای" وەسفكرد.

بەھۆی بەرزبوونەوەیەی ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنا ئێران، ھەندێك لە شارەزایانی تەندرووستی داوایانكرد تارانی پایتەخت بەتەواوی دابخرێت، بەھۆی بڵاوبوونەوە شەپۆلی چوارەمی پەتای كۆرۆنا.

ئێران یەكێكە لە وڵاتەكانی ھەرە زیانمه‌ند بە پەتای كۆرۆنا لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و بەرپرسان بەرزبوونەوەی ئەم دواییەی ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنا بۆ ئەو گەشتانە دەگەڕێننەوە، كە لە مانگی رابردوودا لە میانی پشووەكانی نەورۆز لە نێوان 18 ئادارەوە تا 2ی نیسان  ئەنجامدران لە سەردانكردنی خزم و ھاوڕێیان بۆ یەكتر.  

لە 24 كاتژمێری رابردوودا، بەفەرمی ئێران 22586 حاڵەتی تووشبوون بەكۆرۆنای تۆماركرد، ئەمەش ژمارەیەكی پێوانەییە، وەك گوتەبێژی وەزارەتی تەندرووستی، سیما سادات لاری رایگەیاند. ئەمەش ئاماژەیە بەزیادبوونی 1600 حاڵەت لە ژمارەی پێش چەند رۆژێك.

ھەروەھا ئێران 185 حاڵەتی گیان لەدەستدانی بەھۆی كۆرۆنا تۆماركرد، وەك لاری باسیكرد و ژمارەی گشتی مردووان بە كۆرۆنا گەیشتە 63884 كەس.

لە كاتێكدا ژمارەی حاڵەتەكانی تووشبوون و مردنی رۆژانە نیمچە سەقامگیرییەكی بەخۆیەوە بینی بوو و لە نێوان 7 ھەزار تا 10 ھەزار بوو لە مانگی كانوونی دوووەم و لە مانگی شوبات بەرەو زیادی رۆیشت  تا لە كۆتایی ئاداردا گەیشتە ئاستی پێوانەیی.

رۆژنامەكانی پارێزگاران و چاكسازەكان، پێنجشەممە، سەركۆنەی حكومەتی "حەسەن رووحانی"یان كرد لە رووبەڕووبوونەوەی شەپۆلێكی نوێی مەزندەكراو لە پەتاكە بە ھۆی رێپێدانی بە گەشتكردن لە میانی ماوەی پشوودا.

ئەمەش دوای ئەوە ھات بەرپرسێكی باڵا رایگەیاند، ھەندێك لە ئەندامانی لیژنەی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆس، دژی سەپاندنی قەدەغەی گەشت بوون پێش پشووی جەژن.

جێگری وەزیری تەندرووستی ئێران، ئیرەج حەریرچی، چوارشەممە گوتی: "ھەندێك رێیان پێنەداین سوود لە دەرفەتی زێڕین وەرگرین لە میانی پشووی جەژنی نەورۆزدا بۆ دامركاندنەوەی ئاگری ڤایرۆسی كۆرۆنا".

ھەروەھا بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووان بە كۆرۆنا، بە "زۆر خێرا" وەسفیكرد و گوتی: ئێستا "مەزندە دەكریت" ئێران رۆژانە 600 حاڵەتی رۆژانەی مردن تۆمار بكات.

ھەندێك لە بەرپرسان، لە نێوانیاندا وەزیری تەندرووستی، سەعید نەمەقی دانینا بەوەی ژمارەی راستەقینەی تووشبوون بە كۆرۆنا لەوانەیە لە ژمارە فەرمییەكان زیاتر بێت.

پەیام تەبریسی، شارەزای تەندرووستی لە یەكێك لە نەخۆشخانەكانی تاران بە رۆژنامەی "ابتكار"ی گوت: داخستنی پایتەخت "بە لای كەمەوە بۆ ماوە دوو ھەفتە، تاكە چارەسەرە".