مه‌سرور بارزانی: دروستكردنی نوای ئارام بەجێگەیاندنی گەورەترین ئەرکی مرۆیی بوو

جۆن مێجەر: هۆکاری بەردەوامی ئەو هاوکارییانە ئەوەیە دەمانەوێت حکومەتی هەرێمی کوردستان بەهێز بێت و داهاتوویەکی پرشنگدار و خۆشگوزەران بۆ هاووڵاتیانی کورد بەدی بێت
وێبنارێکی تایبەت بە یادی 30 ساڵەی بڕیاری 688 و درووستکردنی نەوای ئارام بۆ هەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی بەریتانیا
وێبنارێکی تایبەت بە یادی 30 ساڵەی بڕیاری 688 و درووستکردنی نەوای ئارام بۆ هەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی بەریتانیا

K24 – ھەولێر:

وێبنارێکی تایبەت بە یادی 30 ساڵەی بڕیاری 688 و درووستکردنی نەوای ئارام بۆ هەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی بەریتانیا بەڕێوەچوو.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەشداری وێبنارەکە بوو و سوپاسی سێر جۆن مەیجەر، سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتی بەریتانیا و وڵاتانی هاوپەیمان و ئەو کەسانەشی کرد، كە رۆڵیان لە درووستکردنی نەوای ئارامدا هەبووە. داوایلێکردن بەردەوامبن لە پشتیوانی و کارکردن لەسەر دۆزی کورد.

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: "درووستکردنی نەوای ئارام بە دڵنیاییەوە بەجێگەیانی گەورەترین ئەرکی مرۆیی بوو لە سەردەمی مۆدێرندا. ئێمە لە کەمینەیەکی سەرکوتکراوەوه‌ گۆڕاوین بۆ پەناگەیەک بۆ ئەوانەی لەدەست کوشتن و سەرکوتکاریی هەڵدێن لە عێراق و سووریا. ئەمەش به‌ روونی به‌دیارکه‌وت، که‌ پاپا فره‌نسیس سەردانی کوردستانی کرد. رێگاکەمان کۆتایی نەهاتووە، ئێمە هێشتا پێویستیمان پێتانە، هێشتا پێویستیمان بە هاوکاری نێودەوڵەتییە، ئێمە هێشتا پێویستمان بە هاوکاری ئەمەریکا، فەرەنسا و بەریتانیا و هەموو ئەوانەیه‌ هاوکاریان کردین، ئەم هەرێمی کوردستانە بنیاد بنێین کە سیمبۆڵی ئازادی و سەرکەوتنە. ئێمە لە ماوەکانی رابردوو چەند کاتێکی دژوارمان هەبووە. دوایینیان ساڵی 2014 بوو، کە خاڵێکی وەچەرخان بوو بۆ کوردستان، تاوەکو ئەوە بزانرێت کوردستان چەند گرنگە، وەک ئەوەی ئێوە لە ساڵی 1991 کردتان، خوێنی پێشمەرگە بوو، بە هاوکاری هاوپەیمانان تەلیسمی داعش و خەلافەتەکەشی تێکشکاند، کە هەڕەشەی لە ئازادی خەڵک و سەقامگیریی جیهان دەکرد. داواتان لێدەکەم ببنە هاندەری کوردستان، دەمانەوێت پشت بە ئێوە ببەستین تاوەکو پشتگیریی دۆزی کورد لە پەرلەمان، حکومەت و کەرتی بازرگانیی بەریتانیا بکەن."

جۆن مەیجەر، سەرۆک وەزیرانی پێشووتری بەریتانیا داوا دەکات حکومەتی وڵاتەکەی بەهەمان شێوەی 30 ساڵ لەمەوبەر لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کاربکات بۆ پشتیوانی زیاتر لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەموو رووێکەوە.

جۆن مەیجەر سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتی بەریتانیا گوتی: "بیرۆکەی نەوای ئارام لە بەریتانیا دانرا، لەلایەن یەکێتی ئەوروپاوە پشتیوانی کرا، لەلایەن ئەمەریکاوە پەسەندکرا، لە نەتەوە یەکگرتوەکانیش بڕیاری لێدرا. رێگری لە هێرشی ئاسمانی رژێمی سەدام کرا بۆسەر گەلی کورد. ئێستاش وەک هاووڵاتیەکی ئاسایی خۆشەویستی و پێزانینم هەیە بۆ گەلی کورد بۆ ئازایەتی پێشمەرگە، کە لە رووبەڕووبوونەوە و تێکشاندنی توندڕەویدا قوربانیانداوە. پێزانینم بۆ بەخشندەیی گەلی کورد هەیە کە بە ملیۆنان ئاوارەیان لەخۆگرتوو. دەزانم ئێستا حکومەتی بەریتانیا چەندە گرنگی بە پەیوەندییەکانی دەدات لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان، چونکە بەهای هاوبەشمان پێکەوە هەیە لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریزم و پابەندبوونی بە بەهاکانی دیموکراسی و لیبراڵیزم. بەبێ ئەوانەش هیچ هاووڵاتیەک ناتوانێت ژیانێکی ئازاد و ئاسایشی هەبێت. باش ئەوەش دەزانم، کە هێشتا حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوی لە پشتیوانی و نیازپاکی حکومەتی بەریتانیایە. بەشانازییەوە هاوکاری پێشمەرگە و خەڵکی کوردستانمان کردووە و لە هاوکارییەکانیش بەردەوام دەبین. هۆکاری بەردەوامی ئەو هاوکارییانەش ئەوەیە دەمانەوێت حکومەتی هەرێمی کوردستان بەهێز بێت و داهاتوویەکی پرشنگدار و خۆشگوزەران بۆ هاوڵاتیانی کورد بەدی بێت. چاوم لەوەیە بێمە هەرێمی کوردستان و ئەو شەقامەش ببینم کە بەناومەوە کراوە. سوپاسی وەفا و بەخشندەیی گەلی کوردستان دەکەم."

 وەزیرە کوردەکەی حکومەتی بەریتانیاش، نەدیم زەهاوی کە ئێستا وەزیری دابینکردنی ڤاکسینە لەو وڵاتە دەڵێ: سوپاسی حکومەتی بەرتیانیا و جۆن مەیجەر دەکەم بۆ پاراستنی نەتەوەکەم. بەڵێنیدا لەشەڕی رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا هاوکاری خەڵک و حکومەتی هەرێمی کوردستان بکات".

نەدیم زەهاوی، وەزیری دابینکردنی ڤاکسینی بەریتانیا گوتی: ""1991 من گەنجێکی بەریتانی بەرەگەز کورد بووم، لێرە لەسەر شەقامەکانی لەندەن کەمپەینمان دەکرد بۆ پشتیوانی لە کورد و دژی ئەو دڕندەییەی لە لایەن رژێمی بەعسەوە بەرامبەر کورد کرا، هەر لە کیمیابارانی هەڵەبجە و کەمپینەکانی ئەنفال و زیندەبەچاڵکردنی 182 هەزار کوردەوە تا کۆڕەوە ملیۆنیەکە. سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی من باش دەزانم کورد هەموو کات پشتی بە خۆی بەستووە لە خەبات و بنیادنانی دیموکراسی، کە ئێستا بووەتە ناوچەیەکی ئارام و پەناگەی ئایین و نەتەوە جیاوازەکان. ئێوەش بەهەمان شێوە شوێنپێکانی باوکی خۆت هەڵدەگریت کاتێک ساڵی 1992 لە لەسەر چیاییەکی بەفراوی پێشوازی لە ئێمە کرد لەگەڵ زۆرێک لەوانەی کە ئێستا لەم وێبنارەدان. بۆیە من سوپاسی سێر جۆن مەیجەر دەکەم بۆ ئەو کارە زۆر باشەی کردوویەتی بۆ پاراستنی نەتەوەکەم. لەشەڕی دژی داعش کورد بوونە قەڵغان و بەرگریکاری لە هەموو جیهان كرد. جیا لە هەموو ئەو ناخۆشیانە ئێستا کۆڤید 19ش بەرۆکی کوردستانی گرتووە. من دڵخۆشم بەوەی ڤاکسینی ئاسترازێنیک، کە بەریتانیاییە گەیشتووەتە هەرێمی کوردستان و خەڵکی کورد وەریدەگرن و منیش لەم شەڕی رووبەڕووبوونەوەی بەریتانیا وەک وەزیری دابینکردنی ڤاکسین لە بەریتانیا لەگەڵتان دەبم."

لە ئیڤێنتە تایبه‌تەکەی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان گروپی دۆستایەتی کوردستان - بەریتانیا له‌ په‌رله‌مانی به‌ریتانیا رۆڵی میدیا و رۆژنامەنووسان لە گەیاندنی ئێش و ئازار و نەهامەتیەکانی گەلی کورد لە رێگەی وێنە و ڤیدیۆ و راپۆرتەوە بە گرنگ باسی لێوەکرا. تێکرای بەشداربووان حکومەتی هەرێمی کوردستانیان بە نموونەیەکی سەرکەوتوو لە رۆژهەڵاتی ناوەراست ناوبرد. داواش دەکەن وک چۆن لە رابردوو پشتیوانی گەلی کوردستان بوون ئێستاش پاڵپشتیەکانیان لە هەموو ئاستەکان بۆ گەل و حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام بن.