ئێران كه‌شتییه‌كه‌ی كۆریای باشووری ئازاد كرد
K24 – هه‌ولێر:
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی كۆریای باشوور رایگه‌یاند، ئه‌و كه‌شتیه‌ی وڵاته‌كه‌یان، كه ئێران له كانوونی دووه‌می رابردووه‌وه ده‌ستیی به‌سه‌ردا گرتبوو، ئه‌مڕۆ هه‌ینی ئازادی كرد.
كه‌شتییه‌كه سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ كه‌ناراوه‌كانی ئێرانی به‌ره‌و كۆریای باشوور به‌جێهێشت.
ئه‌و كه‌شتییه رۆژی (4ی كانوونی دووه‌م/ یه‌نایری 2021)، له لایه‌ن ئێرانه‌وه ده‌ستی به‌سه‌ردا گیرابوو و له به‌نده‌ر عه‌باسی ئێران راگیرابوو.
ئێران رایگه‌یاندبوو، ئه‌و كه‌شتییه ئاوی هه‌رێمایه‌تی كۆماری ئیسلامی به مادده‌ی كیمیایی پیس كردووه.
له شوباتی رابردوودا تاران سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی تیمی كه‌شتیوانی كه‌شتییه‌كه‌ی ئازاد كرد، كه ژماره‌یان 20 كه‌س بوو، ته‌نیا كاپتنی كه‌شتییه‌كه‌ی هێشتبوویه‌وه.
تاران داوای ده‌كرد، كۆریای باشوور ئه‌و حه‌وت ملیار دۆلاره‌ی ئێران بگه‌ڕێنێته‌وه، كه به هۆی سزاكانی ئه‌مه‌ریكاوه، له‌و وڵاته بلۆك كرابوو.