خه‌لیفه نوێیه‌كه‌ی داعش به‌كرێگیراوی ئه‌مه‌ریكا بووه

K24 – هه‌ولێر:
رۆژنامه‌ی واشنتن پۆست له راپۆرتێكدا بڵاویكردووه‌ته‌وه، ئه‌بو ئیبراهیم هاشمی قوڕه‌یشی، كه دوای ئه‌بو به‌كر به‌غدادی بووه خه‌لیفه‌ی داعش، له زینداندا وه‌ك به‌كرێگیراوی ئه‌مه‌ریكا كاری كردووه.
به گوێره‌ی رۆژنامه‌كه، ئه‌و زیندانییه، وه‌ك كه‌سێكی "هاوكار"ی ئه‌مه‌ریكا بووه و هه‌موو هه‌وڵێكی داوه بۆ ئه‌وه‌ی به سوود بێت و زانیاری وردی له باره‌ی ركابه‌ره‌كانی له ناو رێكخستنی پێشووی داعش داوه به ئه‌مه‌ریكاییه‌كان.
ئه‌و به‌كرێگیراوه‌ی ئه‌مه‌ریكا له كاتی لێپرسینه‌وه لێی له 2008دا به وردی باسی چۆنێتی دۆزینه‌وه‌ی باره‌گای نهێنی راگه‌یاندنی رێكخراوی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له عێراق كردووه و ته‌نانه‌ت ره‌نگی ده‌رگای ده‌ره‌وه‌ی باره‌گاكه‌شی به ئه‌مه‌ریكاییه‌كان وتووه.
ئه‌مه‌ریكاییه‌كان له باره‌ی فه‌رمانده‌یه‌كی گرووپه‌كه‌وه، كه كه‌سێكی سویدی به ره‌چه‌ڵه‌ك مه‌غریبی بووه و ناوی ئه‌بو قسووره بووه، پرسیاریان له قوڕه‌یشی كردووه و ئه‌ویش نه‌خشه‌ی ئه‌و شوێنه‌ی كێشاوه، كه ئه‌بو قسووره لێی بووه. دوای چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك هێزه ئه‌مه‌ریكاییه‌كان له هێرشێكی ئاسمانی‌دا بۆ سه‌ر ئه‌و شوێنه له مووسڵ ئه‌بو قسوورهیان كوشتووه.
به گوێره‌ی به‌ڵگه‌نامه نهێنییه‌كانی وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مه‌ریكا، قوڕه‌یشی هه‌واڵده‌رێكی به‌رهه‌مدار بووه و ده‌یان ورده‌كاری خستووه‌ته به‌رده‌ستی ئه‌مه‌ریكاییه‌كان، كه زۆر به‌نرخ بوون.
كریستۆڤه‌ر مایر، یاریده‌ده‌ری وه‌زیری به‌رگری ئه‌مه‌ریكا بۆ كرده تایبه‌ته‌كان رایگه‌یاندووه، قوره‌یشی ناوی راسته‌قینه‌ی ئه‌میر محه‌مه‌د سه‌عید عه‌بدولڕه‌حمان ئهلمهولایه و تۆمارێكی درێژی هه‌یه له دژایه‌تیكردنی بیانییه‌كانی ناو داعش و كاری زۆری كردووه بۆ ده‌ربازكردنی گه‌ردنی خۆی.
قوره‌یشی خه‌ڵكی عێراقه و ته‌مه‌نی 31 ساڵ بوو، كه له كۆتاییه‌كانی 2007 و سه‌ره‌تای 2008 ده‌ستگیركرا. له مانگی ته‌مموزی 2008 لێكۆڵینه‌وه له‌گه‌ڵیدا راگیراوه.