ئاستی ئاوی بهنداوی دهربهندیخان دابهزیوه
K24 - ههولێر:
بەھۆی كەمی باران بارین و دابەزینی ئاستی ئاوی بەنداوی دەربەندیخان و گرتنەوەی ئاوی رووباری سیروان لەلایەن كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، "رەحمان خانی" بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان، ھۆشداری لە دابەزینی زیاتری ئاستی ئاوی دەربەندیخان دەدات و پێیوایە كاریگەری زۆری دەبێت لەسەر زەوییە كشتوكاڵییەكان و ناتواندرێت وەك ساڵان بڕی ئاوی پێویست لە بەنداوەكە بەربدرێتەوە.
بۆ یەکەم جار و لەدوای شەست ساڵ بەھۆی گۆڕانکاری لەکەش و ھەوا، ئاستی ئاوی دەربەندیخان بەم رێژە مەترسیدارەی ئێستا دانەبەزیووە، "رەحمان خانی"، بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان پێیوایە سەرەڕای كەمی باران بارین، ھۆكارێكی دیكەی سەرەكی دابەزینی ئاستی ئاوهكه گرتنەوەی ئاوی رووباری سیروانە لە لایەن كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە. كە بووەتە ھۆكاری كەمبوونەوەی ئاستی ئاو.
ئەو رێژە ئاوەشی کە ئێستا لەبەنداوەکەدایە بەھۆی کەمبوونەوەی له ساڵانی رابردوو مەترسی زۆری بۆ سەر ئەو زەوییە کشتوکاڵییانە دروستکردووە، کە دەکەونە ناوچەکانی سنووری گەرمیان و پارێزگای دیالەوە، چونکە جیاواز لەساڵانی رابردوو بەرپرسانی بەنداوەکە کەمترین رێژەی ئاو بەردەدەنەوە.
ئەمجەد ئەسعەد، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی دەربەندیخان گوتی: "وشكهساڵی نیشانهكانی دهركهوتوو و زیانێكی زۆری له جوتیاران داوه و بێ ئومێدی كردوون، لهبهر ئهوه داوا له جوتیاران دهكهم، ئاگاداری ئهوه بن، ئاستی ئاوی بهنداوی دهربهندیخان زۆر دابهزیوه بهراورد به ساڵانی رابردوو، بۆیه بهردانی ئاویش كهم دهكات".
جیا لە شار و شارەدێکانی سنووری ئیدارەی گەرمیان، کە بۆ ئاوی خواردنەوە و کەرتی کشتوکاڵیش پشت بە ئاوی رووباری سیروان دەبەستن، پارێزگای دیالەش بەھەمان شێوە سەرچاوەی ئاوی خواردنەوە و کەرتی کشتوکاڵی پشتیان بە بەنداوی دەربەندیخان بەستووە.
د.ی