لە فەرەنسا دڵی دەستکرد دروستکرا

مۆڵەتی پێدراوە و هاوشێوەی دڵی مرۆڤ کار دەکات
دڵی دەستکرد لە فەرەنسا بەرهەمهێنرا
دڵی دەستکرد لە فەرەنسا بەرهەمهێنرا

نەخۆشییەکانی دڵ هۆکاری زۆرترین مردنن لە جیهان، بەجۆرێک، لە هەر پێنج مرۆڤێک، یەکێکیان بە نەخۆشی دڵ لە جیهان دەمرێت.

کاتێک دڵ تەواو نەخۆش دەکەوێت، تەنها دوو چارەسەری هەیە، یەکەم وەرگرتنی دڵی کەسێکی دیکەیە، دووەم چاندنی دڵێکی دەستکردە. وەرگرتنی دڵی کەسێکی دیکە، هەندێکجار کاتێکی زۆری دەوێت، دەبێت نەخۆشەکە چاوەڕێی بەخشکەرێک بکات.

کۆمپانیایەکی فەرەنسی، دڵێکی دەستکردی دروستکردووە، کە دەکرێت نەخۆشەکە بە زیندویی بهێڵێتەوە تاوەکو دڵێکی پێدەبخشرێت.

دڵەکە هاوشێوەی دڵی مرۆڤە و کێشی چوار کیلۆگرامە. دوو باتری هەیە و دەبێت چوار کاتژمێر جارێک بە رێگای تایبەت بارگراوی بکرێنەوە.

ستێفانی پیات، سەرۆکی کۆمپانیاکە بە ناوی ''کارمات' بە کەناڵی سی ئێن ئێنی گوتووە، دڵەکەی ئێمە تەواو کاری دڵی مرۆڤ دەکات، سووڕی خوێن بەڕێوەدەبات، لە کاتی خێرا رۆیشتن و ماندوو بن، خێرا لێدەدات و لە کاتی پشووش، ئاسایی لێدەدات.

دەشڵێت، دڵەکە پێویستی چاککردن و گۆڕینی هیچ بەشێکی نییە.

90 کەس لەسەر ئەو دڵە تاقیکردنەوەیان پێکراوە، مانگی رابردوو یەکێتی ئەوروپا مۆڵەتی دا بە کۆمپانیاکە، دەستبە بەکارهێنانی بکەن بۆ نەخۆشەکان.