وەزارەتى شارەوانی: ناکرێ بەرپرسانی حیزبی لایەنێک لە جیاتی وەزارەتی شارەوانی بڕیار بدەن
K24- هەولێر:
لەبارەی دابەشکردنی زەوی بەسەر هاووڵاتیاندا بەبێ گەڕانەوە بۆ وەزارەتی شارەوانی و دامەزراوە فەرمییەکان، وەزارەتی شارەوانی دووەم روونکردنەوە بڵاودەکاتەوە.
بەگوێرەی روونکردنەوەکە: ''دابەشکردنی زەوی، ڕێکاری یاسایی هەیە و ناکرێ بەرپرسانی حیزبی لایەنێک، لە جیاتی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و لایەنە پەیوەنديدارەکان، ئەو کارە بکەن و دەسەڵات بۆ مەرامی سیاسی بە کار بهێنن.
دەقی راگەیەندراوەکە:
کەس ڕێگری لە مافی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانییانی سیاسی نەکردووە وەک ئەوەی بە پێی یاسا و ڕێکارەکان مافەکانیان پێناسە کراوە. بەڵام دابەشکردنی زەوی، ڕێکاری یاسایی هەیە و ناکرێ بەرپرسانی حیزبی لایەنێک، لە جیاتی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و لایەنە پەیوەنديدارەکان، ئەو کارە بکەن و دەسەڵات بۆ مەرامی سیاسی بە کار بهێنن. لە بەر ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا ژمارەیەکی زۆری سکاڵامان لە لایەن کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیانی سیاسی پێگەیشتووە کە ناویان لەو لیستانەدا نییە کە هیچ هێز و لایەنێک ناتوانێت مافی ئەمانە فەرامۆش بکات.
بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانییانی سیاسی سەر بە هەر لایەنێک بن، هەمان مافیان هەیە و پێویستە بە بێ فەرق و جیاوازی، هەموو کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانییانی سیاسی لە سەرجەم شارەکانی کوردستان بە یەک چاو سەیر بکرێن و خزمەت بکرێن ، بەجۆرێک دوای وردبینی کردن و دڵنیابوون لە ڕاستی و دروستی ناوەکان لەلایەن وەزارەتی شەهیدانەوە و گرتنە بەری ڕێکارە یاساییەکان، زەویان پێ ببەخشرێت نەوەک ئەو پرۆسەیەی کە ئێستا بەبێ ئاگاداری و هەبوونی فەرمانی فەرمی وەزارەتی شارەوانی، لە هەندێک شوێن بەڕێوەدەچێت.
ئێمە خۆمان بە خەمخۆری کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوان دەزانین و داواش دەکەین سامانی سەرزەوی و ژێر زەوی کوردستان، بۆ خزمەتی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان بەکاربێنین، بە تایبەتی لە سنووری گەرمیان. .