بۆ پەرەپێدانی کێڵگەکانی نەوت و گاز، عێراق داوای هاوکاری لە ئەمەریکا دەکات

"گرنگە هاوپەیمانی لەنێوان هەردوو وڵات لە وەبەرهێنانی سەرجەم بوارەکان هەبێت"
ئەرشیف
ئەرشیف

K24 - ھەولێر

عێراق داوای زیادكردنی هاوکارییەکان لە ئەمەریکا دەکات و لە نێویشیاندا پەرەپێدانی کێڵگەکانی نەوت و گاز.

بە گوێرەی راگەیەندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق، پەرۆشی وڵاتەکەی بۆ هاوکاری و هاوپەیمانی لەگەڵ ئەمەریکا دووپاتکردووەتەوە، کە لەسەرجەم بوارەکان هاوکار بێت، بە تایبەت ئاسایش، وزە، تەندروستی، ژینگە، ئابووری، رۆشنبیری و پەروەردە.

ئەو راگەیەندراوە لە کاتێکدا گەڕی سێیەمی گفتوگۆی ستراتیژی لە نێوان بەغدا و واشنتن بە ئامادەبوون ئانتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بەڕێوەدەچێت.

وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوەداوە، گرنگە هاوپەیمانی لەنێوان هەردوو وڵات لە وەبەرهێنانی سەرجەم بوارەکان هەبێت، ئەو کۆمپانیایانەی ئەزموون و توانای زۆریان هەیە لە عێراق وەبەرهێنان بکەن.

وەزیری دەرەوەی عێراق داوای لە ئەمریکا کردووە هاوپەیمانییەتەکەیان لە رێگەی یاداشتنامە و ئەو گرێبەستانەی واژۆکراون بەهێزتر بکەن، بە تایبەت گرێبەستەکانی پەرەپێدانی کێڵگەکانی نەوت و گاز و کەرتی کارەبا، کە مەبەست لێی سەربەخۆیی عێراق بێت لە بواری وزەدا.