دزێك پاره‌ دزراوه‌كه‌ی بۆ خاوه‌نه‌كه‌ی گه‌ڕانده‌وه‌

داوای لێبوردنی كرد كاتێك زانی‌ پاره‌كه‌‌ بۆ مزگه‌وت كۆكراوه‌ته‌وه‌
دزێك پاره‌ دزراوه‌كه‌ی بۆ ماڵی خاوه‌نه‌كه‌ی گه‌ڕانده‌وه‌
دزێك پاره‌ دزراوه‌كه‌ی بۆ ماڵی خاوه‌نه‌كه‌ی گه‌ڕانده‌وه‌

K24 - هه‌ولێر:

بەپێی گرتە ڤیدیۆییەك، کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوكراوه‌تەوە، دزێكی ده‌مامكدار لە بەریتانیا ئەو پارەیەی گەڕاندنەوە، کە له‌گه‌ڵ چه‌ند كه‌سێكی دیكه‌ دزی بووی، دوای ئەوەی زانیوویانه‌ پاره‌ی بەخشین بووه‌ بۆ مزگەوتێك.

له‌ گرته‌ ڤیدیۆییه‌كه‌دا ده‌ركه‌وتووه‌، دزكه‌ پاره‌ دزراوه‌كه‌ بۆ ماڵی ئه‌و پیاوه‌ ده‌هێنێته‌وه‌، كه‌ دزیان لێكردووه‌ و داوای لێبوردنیشی لێكرد و رایگه‌یاند، نه‌مزانیوه‌ پاره‌ی به‌خشین و كۆمه‌كی كۆكراوه‌ بووه‌ بۆ مزگه‌وت.

رووداوی دزییه‌كه‌ له‌رۆژدا كراوه‌ و توڕه‌بوونێكی زۆری له‌ وڵاته‌ به‌دوای خۆیدا هێنا، دزه‌كانیش دوای توڕه‌بوونی خه‌ڵكه‌كه‌ پاره‌كه‌یان گه‌ڕانده‌وه‌، كه‌ زانییان بڕه‌ پاره‌كه‌ هی مزگه‌وته‌‌.

ده‌نگی یه‌كێك له‌ دزه‌كان له‌ گرته‌ ڤیدیۆییه‌كه‌ به‌ روونی ده‌بیسترێت، كه‌ گوتی: "هه‌رگیز پاره‌ی مزگه‌وت نادزین، به‌ پێی زانیاری هه‌ڵه‌ ئه‌و پاره‌یه‌مان بردووه‌، من لێره‌م بۆ ئه‌وه‌ی پاره‌كه‌ بگه‌ڕێنمه‌وه‌، نه‌مانده‌زانی پاره‌ی مزگه‌وته‌".

ئه‌و پیاوه‌ی پاره‌كه‌ی لێڕفێرا، له‌ مزگه‌وتێكی "بێرمینگهام" كارده‌كات، به‌گوێره‌ی ڤیدیۆیه‌ك، كه‌ له‌ كامیرای چاودێری تۆمار كراوه‌، پیاوه‌كه‌ به‌ یه‌كێك له‌ شه‌قامه‌كانی ئه‌و شاره‌دا ده‌ڕوات، كاتێك دوو كه‌س له‌ ئۆتۆمبێلێكه‌وه‌ دێنه‌ خواره‌وه‌ و هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ر پیاوه‌كه‌ و پاره‌كه‌ی لێده‌ڕفێنن.

پۆلیسی به‌ریتانیا لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌ رووداوه‌كه‌ كرد‌ و روونیكرده‌وه‌، پیاوه‌كه‌ سه‌لامه‌ته‌، به‌ڵام به‌هۆی رووداوه‌كه‌ تووشی تاسان بووه‌.

پۆلیس بانگه‌وازی یارمه‌تی بۆ تیمه‌كانییان كرد و داوای یارمه‌تییان كردووه‌ بۆ دیاریكردنی دزه‌كان، دوای ئه‌وه‌ی گرته‌ ڤیدیۆییه‌كه‌ له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا بڵاوكرایه‌وه‌.

 

سه‌رچاوه‌: ئه‌لحوڕه‌

د.ی