کەرکووکییەکان داوای گەڕانەوەی پارتی بۆ كه‌ركووك ده‌كه‌ن

"لە ئاستی باڵا کار بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووك دەکرێت"
پارێزگای كه‌ركووك
پارێزگای كه‌ركووك

K24 - هه‌ولێر:

هاووڵاتیانی کەرکووك داوای گەڕانەوەی پارتی بۆ شارەکەیان دەکەن و دەڵێن هەر ئەو حزبە دەتوانێت مافە زەوتکراوەکانیان بۆ وەربگرێتەوە، بەرپرسێکی پارتیش رایگه‌یاند، کەرکووك لە هەمووشت لای پارتی گرنگترە و خەڵکی کەرکووك بە سەرجەم پێکهاتەکانەوە هاوسۆزن لەگەڵیان و پەیوەندی بەهێزیان لەگەڵ خەڵک هەیە، بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شارەکەش ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، لەئاستی باڵا کار لەسەر ئەم دۆسیەیە دەکرێت و پێشوەچوونی باش هەیە.

هەرکات باس لە گەڕانەوەی پارتی دەکرێت بۆ کەرکووك، بەشێکی زۆری خەڵک دەڵێن هیوادارین کورد بۆ شارەکە بگەڕێتەوە، گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکووك هیوای گەورەی لای خەڵك درووستکردوە و پێیانوایە لە ئەگەری گەڕانەوەی ئەو حزبە، گۆڕانکاری گەورە روودەدات و مافە زەوتکراوەکانیان بۆ دەگەڕێتەوە.

پلانی پارتی بۆ گەڕانەوە هاوتەریبە لەگەڵ ئاساییکردنەوەی دۆخی شارەکە بۆئەمەش لەئاستی باڵا کار لەسەر ئەم مەلەفانە دەکرێت.

مەلەفی ئەمنی و سەربازی کە بەپێی پلانێک پێشمەرگە و سووپای عێراق بەهەماهەنگی لەگەڵ یەکتر لە دەرەوەی شار و قەزا و ناحیەکان جێگیربن و بۆشاییە ئەمنییەکان پڕبکرێنەوە و ناوچەکە لەهەر مەترسییەک بپارێزن، لەناو شاریش مەلەفی ئەمنی بە هێزەکانی پۆلیس بسپێردرێت و دیاردەی چەکداری بنبڕبکرێت و حەشد و هێزەکانی دیکەش دووربخرێنەوە، مەلەفی سیاسیش بریتیە لە رادەستکردنەوەی بارەگاکانی پارتی و پارتی گەلی تورکمانی.

د. کەمال کەرکووکی، بەرپرسی ئەنجومەنی سەرکردایەتی کەرکووك – گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: " مەلەفی ئیداری بریتی دەبێت لە رادەستکردنەوەی سەرجەم ئەو پۆستانەی لەدوای شانزەی ئۆکتۆبەرەوە لە کورد وەرگیراونەتەوە، لەنێویشیاندا دانانی پارێزگارێکی شەرعی بۆکەرکووک".

پارتی لە کەرکووك (20) بارەگای داگیرکراوە، ئەوحزبە پێیوایە بۆ رێگریکردن لە گەڕانەوەی بۆ شارەکە، نەیارەکانی هەموو رێگەیەکیان تاقیکردووه‌تەوە، دیارترینیان جووڵاندنی شەقامە لە دژیان هەروەک لە رابردوو چەندجارێك لەپێش بارەگا داگیرکراوەکەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی گرووپەکانی سەر بە حەشد و خزمەکانی راکان جبووری خۆپێشاندانیان کردووە.

ماڵی بەڕێوەبەری پێشووی ئاسایشی کەرکووکە و لەشانزەی ئۆکتۆبەر لەگەڵ هەشت خانووی دیکەی ئەفسەر و کارمەندانی ئاسایش لەلایەن حەشدی شەعبیەوە سووتێنران و تا ئێستاش لەدەستی هێزە عێراقییەکانە.

 

د.ی