چاودێریکردنی بازاڕ پێش مانگی رەمەزان چڕتر دەکرێته‌وه‌

رێگە نادرێت ھیچ فرۆشیارێك بەبێ ھۆکار نرخی کاڵاکان گران بکات
بازاڕی سلێمانی
بازاڕی سلێمانی

K24 - هه‌ولێر:

لە گەڵ نزیکبوونەوە لە مانگی رەمەزان، بەڕێوەبەرایەتی چاودێری بازرگانی سلێمانی لە نزیکەوە چاودێری دۆخی بازاڕ دەکات و رێگە نادات ھیچ فرۆشیارێك بە بێ ھۆکار نرخی کاڵاکان گران بکات، ھەر فرۆشیارێکیش گرانفرۆشی بکات سزای دەدەن.

چەند رۆژێکی کەمی ماوە بۆ مانگی ڕەمەزان، ھاووڵاتیان بەشێکیان بۆ خۆئامادەکردن بۆ ئەو مانگە سەردانی بازاڕ دەکەن، محه‌مه‌د جەزا، جیاواز لە رۆژانی رابردوو، سەرقاڵی رێکخستی دوکانەکەیەتی ئەویش بە مەبەستی ئەوەی لە مانگی رەمەزاندا زۆرترین کڕیار سەردانی بکەن، ئەو کاڵایانەی کە ئەو دەیفرۆشێت خواستی زۆری لەسەرە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەڵێت بازاڕ وەک پێویست نییە، وەکو فرۆشیارێکیش بە پێویستی دەزانێت سەرجەم فرۆشیارانی دیکە، رەمەزان نەکەنە دەرفەتی گرانفرۆشی و ویژدانیان ھەبێت.

بەڕێوەبەرایەتی چاودێری بازرگانی سلێمانی پێش ھاتنی ۆەمەزان بە (10) رۆژ بۆ (15) رۆژ نرخی بەشێک لە کاڵاکان لە بازاڕ وەردەگرن و لە کاتی رەمەزاندا بەراوردێك دەکەن، بۆ ئەوەی ھەر کەسێک گرانفرۆشی بکات سزای بدەن، سۆران غەفوور، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، لیژنەکانیان لە مانگی رەمەزاندا پاش نیوەڕوان و شەوان چاودێری بازاڕ دەکەن.

ئەگەر ساڵی رابردوو ڤایرۆسی کۆرۆنا ھۆکار بووبێت بۆ ئەوەی رەمەزانەکەی جیاواز بێت، ئەوا بۆ ئەمساڵ ھەڕەشەکانی کۆرۆنا ھەر ماون و بەرزبوونەوەی بەھای دۆلاریش بارگرانییەکەی دیکەی بۆ ھاووڵاتیان دروست کردووە، ھاووڵاتیان ھیواداران فرۆشیاران دۆخی ئابووری لەبەرچاو بگرن و بەبێ ھۆکار نرخی پێداویستی رۆژانە بەرز نەکەنەوە.

 

د.ی