وەزارەتی نەوتی عێراق هەناردە زیاد دەكات

بە مەبەستی پاڵپشتی کردن لە گەنجینەی دارایی وڵات
كێڵگەیەكی نەوتی لە ناسریە - فۆتۆ:AFP
كێڵگەیەكی نەوتی لە ناسریە - فۆتۆ:AFP

K24 - ھەولێر

وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، بە مەبەستی پاڵپشتی کردن لە گەنجینەی دارایی وڵات، ئاستی هەناردەی نەوت زیاد دەکەن.

کەریم حەتاب، بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری بەرهەمهێنان لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەكرد، ئامانج لە بەرزکردنەوەی ئاستی هەناردەی نەوت، زیادکردنی داهاتی داراییە بۆ گەنجینەی دەوڵەت، کە بەشێوەیەکی سەرەکی پشتی بە فرۆشی نەوت بەستووە.

بریکاری وەزارەتی نەوت راشیگەیاند، کۆمپانیای سۆمۆ پشت بە رێوشوێنی پێویست بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ بازاڕی نەوتی جیهان دەبەستێت، بۆ ئەوەش گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییە بەناوبانگەکان دەکات.

هەروەها بریکاری وەزارەتی نەوت ئاماژە بەوەدەدات، گەورەترین هاوردەکارانی نەوتی عێراق چین و هیندستانن، ئینجا وڵاتانی دیکە و کۆمپانیاکانی ئاسیا و ئەوروپا و ئەمەریکا.