یەدەكی عێراق لە پارەی بیانی زیادیكرد و گەیشتە 60 ملیار دۆلار

"پێش دەستپێكردنی رێكارەكانی چاكسازی یەدەكی بانكی ناوەندی عێراق 51.9 ملیار دۆلار بوو"
یەدەكی پارەی بیانی لە بانكی ناوەندی عێراق زیادی كردووە
یەدەكی پارەی بیانی لە بانكی ناوەندی عێراق زیادی كردووە

K24 – ھەولێر:

سەرۆكی حكومەتی عێراق، مستەفا كازمی، ئەمڕۆ یەكشەممە رایگەیاند، یەدەكی بانكی ناوەندی عێراق لە پارەی بیانی گەیشتە زیاتر لە 60 ملیار دۆلاری ئەمەریكایی.

لە راگەیاندراوێكی حكومەتدا لە دەمی كازمی گواستووەتەوە، گوتوویەتی: "یەدەكی بانكی ناوەندی عێراق لە پارەی بیانی زیادیكردووە و گەیشتووەتە زیاتر لە 60 ملیار دۆلار دوای ئەوەی 51.9 ملیار دۆلار بوو پێش دەستپێكردنی رێكارەكانی چاكسازی حكومەتەكەی".

گوتیشی: "ئەو زیادەیە لە ئەنجامی ئەو رێكارە چاكسازییانە ھات، كە حكومەت گرتیەبەر دوای ئەوەی زۆر كەس گرەوی لەسەر سەرنەكەوتنی و بەردەوام نەبوونی دەكرد، ھەروەھا توانیمان بەفیڕۆدان و ئەو گەندەڵییە زۆرەی لە مەزادی بانكی ناوەندی ھەبوو، راگرین و بەردەوامیش دەبین لە گرتنەبەری رێكارەكان و ھەرگیز ناوەستین".

كازمی ئاماژەیكرد، "رێكارەكانی حكومەتەكەی لە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی بەردەوامە؛ ھەرچەندە كەسانێك ھەن تەگەرە دەخەنە بەردەمیان، بەڵام ئەوان بەردەوام دەبن و پاشگەز نابنەوە".

عێراق بە تەنگژەیەكی ئابووریدا تێپه‌ڕ دەبێت و حكومەتی كازمیی ناچاركرد بەھای دینار كەم بكاتەوە بۆ ئەوەی بتوانێت مووچەیی فەرمانبەران و خانەنشینان بدات، كە ژمارەیان نزیكەی 6 ملیۆن فەرمانبەر و خانەنشینە".