پەرلەمان و حکومەت لەبارەی ئەنجامی دانوستانەکان کۆدەبنەوە

رێککەوتنی هەولێر و بەغدا و ئەنجامی دانووستانەکان تاووتوێ ده‌كه‌ن
په‌رله‌مانی كوردستان
په‌رله‌مانی كوردستان

K24 - هه‌ولێر:

به‌ڕێوه‌به‌رى راگه‌یاندنی په‌رله‌مان به‌ كوردستان24ی راگه‌یاند، ئەمرۆ په‌رله‌مان و حكومه‌ت لەبارەی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا و ئەنجامی دانووستانەکان کۆدەبنەوە.

بڕیاره‌ ئەمرۆ ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان، به‌ئاماده‌بوونی سه‌رۆك فراكسیۆنه‌كانی په‌رله‌مان و لیژنه‌كانی (دارایى و كاروبارى ئابوورى، و‌زه‌ و سامانه‌ سرووشتییه‌كان) و سه‌رۆكی لیژنه‌ی كاروبارى یاسایی، له‌ته‌لاری په‌رله‌مان، له‌گه‌ڵ شاندی دانووستانكارى حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كۆببێته‌وه‌‌.

سامان ئه‌حمه‌د به‌كر، به‌ڕێوه‌به‌رى راگه‌یاندنی په‌رله‌مان بۆ‌ كوردستان24ی گوتی: دوای پەسەندكردنی یاسای بودجەی فیدراڵی (2021) و بۆ ئاگاداربوون له‌ ناوه‌ڕۆكی رێككه‌وتنه‌كه ‌و شێوازى گفتوگۆكان لە‌گە‌ڵ پە‌رلە‌مان و حكومە‌ت و لایە‌نە‌ عێراقییە‌كان بۆ دە‌ستە‌بە‌ركردنی ماف و شایستە‌ داراییە‌كانی هە‌رێمی كوردستان، بڕیاره‌ ئەمرۆ شاندی دانووستكاری حكومه‌تی هه‌رێم بێته‌ په‌رله‌مان و له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی و سه‌رۆك فراكسیۆنه‌كانی په‌رله‌مان كۆببنه‌وه‌.

بڕیاره‌یشه‌ له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا شاندی دانوستانكارى هه‌رێم تەواوی وردەکارییەکانی پەسەندکردنی بودجە و ده‌سته‌به‌ركردنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم لەناو بودجەی گشتیی عێراق بۆ په‌رله‌مانی كوردستان بخەنەڕوو.

 

د.ی