وەزیری ناوخۆ: بەم نزیکانە کار و خزمەتگوزارییەکانی وەزارەتی ناوخۆ بە ئەلیکترۆنی دەکرێن

K24- هەولێر:

رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سۆران رایگەیاند، چیدی پێویست ناکات هاووڵاتییانی قەزاکانی سۆران، چۆمان، رواندز و مێرگەسۆر بۆ نوێکردنەوەی مۆڵەتی شۆفێری و ساڵانە سەردانی هەولێر بکەن، دەتوانن لە سۆران تەواوی کارەکانیان ئەنجام بدەن.

راشیگەیاند، لە بەرنامەی کابینەی نۆیەمە، خزمەتگوزاریی بگەیەنێتەوە تەواوی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان.

وەزیری ناوخۆ ئاماژەی بەوەشدا، لەم کابینەیە، ساڵانە و مۆڵەتی شۆفێریی زمانی کوردی بۆ زیادکراوە.

رێبەر ئەحمەد گووتی، پرۆژەی بە ئەلیکترۆنیکردنی خزمەتگوزارییەکانی وەزارەتی ناوخۆ لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئەڵمانی دەستیپێکردووە و بودجەی بۆ تەرخانکراوە، هاووڵاتیان لە چەند مانگی داهاتوو دەتوانن بە شێوەیەکی ئەلیکترۆنی کارەکانیان ئەنجام بدەن.

لەبارەی دۆخی کۆرۆناش، وەزیری ناوخۆ داوای هاوکاری زیاتری لە هاووڵاتیان کرد و گووتیشی، ئەمڕۆ رێنمایی نوێی رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا دەردەچێت.