رێککەوتنی هەولێر و بەغدا کاریگەری لەسەر بازاڕی خانووبەرە درووستكرد

"دوای رێککەوتن راستەوخۆ بازاڕی خانووبەرە بووژاوەتەوە"
رێككه‌وتنی بودجه‌‌ بازاڕی كڕینی و فرۆشتنی خانووبه‌ره‌ی به‌گه‌ڕخست
رێككه‌وتنی بودجه‌‌ بازاڕی كڕینی و فرۆشتنی خانووبه‌ره‌ی به‌گه‌ڕخست

K24 - هه‌ولێر:

دوای رێكکەوتنی هەولێر و بەغدا لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی (2021)ی عێراق و دیاریکردنی پشکی کورد لە پڕۆژەیاسایەکە، بازاڕی کەرتی خانووبەرە لە ھەرێمی کوردستان بووژانەوەی باشی هەبووە، خاوەن نووسینگەکان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن، دوای ئەوەی بە فەرمی پشکی کورد دیاریکرا، راستەوخۆ بازاڕ جموجوڵی تێکەوت.

یەکێک لەو کەرتانەی کە ھەر جۆرە ھەڵکشان و داکشانێکی ئابووری راستەوخۆ کاریگەری لەسەری دەبێت، کەرتی خانووبەرەیە، لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، بەهۆی قەیرانی دارایی لە ھەرێمی کوردستان کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئەو کەرتە ھەبوو، بەڵام دوای رێککەوتنی هەولێر و بەغدا لەسەر جێگیرکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەی فیدراڵیدا، کەرتی خانووبەرەی بووژایەوە، ھیوا عەبدوڵڵا، خاوەن نه‌وسینگەی کڕین و فرۆشتنی خانوو و زەوی روونیكرده‌وه‌، بڕیاری حکومەت بۆ دابەشکردنی مووچە لە (30) رۆژ جارێک و رێكکەوتنی ھەولێر و بەغدا، گڕوتینێکی باشی داوە بە بازاڕی ئەوان و خواست لەسەر کڕینی خانوو و زەوی و یەکەی نیشتەجێبوون زۆر بووە.

کەرتی خانووبەرە پەیوەستە بە ھەبوونی داھات لای ھاووڵاتیان، بە مانایەکی دیکە تا داھات لای خەڵک زۆر بێت، ئەو کەرتە بووژانەوەی زیاتر بە خۆیه‌وە دەبینێت، نەبەرد کەریم، مامۆستای زانکۆ و شارەزای ئابووری، پێیوایە کەرتی خانووبەرە کەرتێکی ھەستیارە و رێكکەوتنی ھەولێر و بەغدا دۆخی ئەو کەرتە دەباتە قۆناغێکی زۆر باشتر لە جاران.

ئەو کەسانەی کاری کڕین و فرۆشتنی خانوو و زەوی دەکەن، باس لەوە دەکەن تەنیا بە دەنگۆی رێکكەوتنی ھەولێر و بەغدا خواست لەسەر کڕینی خانوو و زەوی و یەکەی نیشتەجێبوون بە جۆرێک زیادی کرد، کە پێشبینی نەکراوبوو، بۆیە ئەگەر رێکكەوتنەکەش بچێتە بواری جێبەجێکردن و حکومەتی عێراق پارە بۆ ھەرێمی کوردستان بنێرێت، کۆی کەرتە ئابوورییەکانی ھەرێمی کوردستان بە کەرتی خانووبەرەشەوە دەبووژێنەوە.

د.ی