رێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كیمیایی: رژێمی سووریا چەكی كیمیایی لە ھێرشی ساڵی 2018 بەكارھێناوە

"ھێلیكۆپتەرێكی سەربازیی سەر بە ھێزەكانی ئاسمانی سووریا بۆردومانی رۆژھەڵاتی سەراقبی كردووە بەلای كەمەوە بە بەرمیلێك لە گازی كلۆر"
بەكارھێنانی چەكی كیمیایی لە سووریا (ئەرشیف)
بەكارھێنانی چەكی كیمیایی لە سووریا (ئەرشیف)

K24 – ھەولێر:

دوای ئەنجامدانی توێژینەوە، رێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كیمیایی گەیشتە ئەو ئەنجامەی، ھێزه‌كانی ئاسمانی سووریا گازی كلۆر، كە چەكێكی كیمیاییە، لە ھێرشكردنە سەر شاری سەراقب لە ساڵی 2018 بەكارھێناوە.

رێكخراوەكە لە بەیانێكدا رایگەیاند، تیمی توێژینەوە لە رێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كیمیایی "گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی یەكینەكانی ھێزە ئاسمانییەكانی سووریا چەكی كیمیاییان لە سەراقب لە 4ی/شوباتی 2018 بەكارھێناوە". ئەو شارەش دەكەوێتە باشووری حەلەب بەدووری 50 كیلۆمەتر.

تیمی توێژینەوەی پەیوەست بەم پرسە بۆ دەستنیشانكردنی لایەنی بەرپرس لەو ھێرشە كیمیاییەدا، گوتی: "ھەندێك پاڵنەر و بەڵگە ھەیە"  بۆ دەستنیشانكردنی ھێلیكۆپتەرێكی سەربازیی سەر بە ھێزەكانی ئاسمانی سووریا" كە بۆردومانی رۆژھەڵاتی سەراقبی كردووە بەلای كەمەوە بە بەرمیلێك لە ماددەی كیمیایی".

راپۆرتەكە ئاشكرایكردووە، بەرمیلەكە تەقیوەتەوە و غازی كلۆری لە پانتاییەكی بەرفراوان بڵاوكردووەتەوه‌ و 12 كەسی پێكاوە".

وێڕای ناڕازییەكانی سووریا و ھاوپەیمانانی لە نێوانیشیاندا مۆسكۆ، زۆرینەی دەوڵەتانی ئەندام لە رێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كیمیایی لە ساڵی 2018 رێگایان بە رێكخراوەكە دا توێژینەوە بكات نەك تەنھا لە بە بەڵگەكردنی بەكارھێنانی چەكێكی وەھا بەڵكو دەستنیشانی لایەنی بەرپرسیش بكات لە ئەنجامدانی ھێرشەكە.  

حكومەتی سووریا رەتیدەكاتەوە دەستی لە ھێرشەكانی چەكی كیمیایی دا ھەبێت و جەختدەكاتەوە لەوەی چەكە كیمیاییە ئەمباركراوەكانی رادەستی سەرپەرشتی نێودەوڵەتیی كردووە بەپێی رێككەوتنێك كە لەساڵی 2013 واژووكراوە.

سەرچاوە: "فرانس پرێس"