ناتانیاھۆ: ئیسرائیل بەردەوام دەبێت لە بەرگریكردن لە خۆی دژ "دوژمنكاری" ئێران

ناتانیاھۆ: رێگا نادەم ئێران دەستەبەری چەكی ئەتۆمی بكات
بنیامین ناتانیاھۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل
بنیامین ناتانیاھۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل

K24 – ھەولێر:

سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل، بنیامین ناتنیاھۆ لە میانی دیداریدا لەگەڵ وەزیری بەرگری ئەمەریكا، لوید ئۆستن رایگەیاند، "لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا ھیچ ھەڕەشەیەكی مەترسیداتر نییە لەوەی رژێمی رەگەزپەرست لە ئێران دەینوێنێت".

ناتنیاھۆ گوتی: "ئێران ھەرگیز وازی لە ھەوڵەكانی نەھێناوە بۆ دەستەبەركردنی چەكی ئەتۆمی، بەڵام ئێمە رێگا بە ئێران نادەین توانای ئەتۆمیی ھەبێت".

سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل گوتیشی: "سیاسەتی من وەك سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل روون و ئاشكرایە: رێگا نادەم ئێران دەستەبەری چەكی ئەتۆمی بكات، كە بەكاری دەھێنێت بۆ جێبەجێكردنی ھەڕەشەكانی لە شەڕێكی پاكتاوی نژادی بۆ سڕینەوە ئیسرائیل".

ناتنیاھۆ جەختیكردەوە، ئیسرائیل بەردەوام دەبێت لە "بەرگریكردن لە خۆی دژی تیرۆری ئێران و كارە دوژمنكارییەكانی".

پێشتر وەزیری بەرگری ئەمەریكا لە یەكەم سەردانیدا بۆ ئیسرائیل جەختیكردبوویەوە لەوەی ئیدارەی جۆ بایدن پابەندە بە پاراستنی ئەمن و سەقامگیری ئیسرائیل و باڵادەستی سەربازیی لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا.