یەكێتی ئەوروپا سزای بەسەر سەركردەكانی پاسداران و بەسیج و پۆلیسی ئێرانیدا سەپاند

لەساڵی 2013وە، ئەمە یەكەم جارە یەكێتی ئەوروپا سزا بەسەر ئێراندا دەسەپێنێت بەھۆی "پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ"
یەكێتی ئەوروپا سزا بەسەر ئێراندا دەسەپێنێت
یەكێتی ئەوروپا سزا بەسەر ئێراندا دەسەپێنێت

K24 – ھەولێر:

یەكێتی ئەوروپا رایگەیاند، سزای بەسەر 8 لە سەركردەكانی بەسیج و پۆلیسی ئێران و ھەروەھا سێ زینداندا سەپاندووە، بەھۆی "ئەنجامدانی ھەڵمەتێكی سەركوتكاری كوشندە، لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە لە تشرینی دووەمی ساڵی 2019".

سزاكان، قەدەغەی گەشتكردن و سڕكردنی بنەچەكانی دارایی دەگرێتەوە. لەساڵی 2013وە، ئەمە یەكەم جارە یەكێتی ئەوروپا سزا بەسەر ئێراندا دەسەپێنێت بەھۆی "پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ"، بەپێی ئەوەی رۆیتەرز بڵاویكردووه‌ته‌وه‌.

لە ناو ئەو كەسانەی سزاكانیان بەسەردا سەپێنراوە، ناوی ھەر یەك لە فەرماندەی سوپای پاسداران، حوسێن سەلامی و فەرماندەی بەسیج، غولام سلێمان ھەیە.

یەكێتی ئەوروپا گوتی: رێكخراوی بەسیج ھێزێكی كوشندەی بەكارھێنا بۆ سەركوتكردنی خۆپیشاندانەكانی تشرینی دووەمی 2019 لە ئێران، كە كوژران و برینداربوونی خۆپیشاندەرانی بێ گوناھ وخەڵكی سڤیلی لێكەوتووەتەوە لە زۆر لە شارەكان لە تەواوی ئێران".

باڵیۆزەكانی یەكێتی ئەوروپا لە 31 ئادار رێككەوتبوون لە سەر سزاكان بەوەی ئێستا دەست بەجێبەجێكردنیان بكرێت.

ئێران چەندین جار تۆمەتەكانی رۆژئاوای رەتكردبوویەوە لەوەی مافی مرۆڤی پێشێل كردبێت.

سەرچاوە: "رۆیتەرز"