خه‌ونی حوشتر
کۆمه‌ڵێک دیارده، کۆمه‌ڵێک وته، کۆمه‌ڵێک خوو، کۆمه‌ڵێک چیرۆک ....هتد. له‌ناو ئێمه‌ی کورددا، وێڕای ئه‌وه‌ی، که ده‌زانین به‌شێکیان هه‌ڵه‌ن و هیچ واتایه‌کیان نییه، که‌چی هه‌تا بێت گه‌شه‌ی زیاتر پێده‌ده‌ین و ده‌یگه‌یه‌نینه ئاینده. هه‌ندێکیشیان پێمانوایه خاوه‌ن واتان، به به‌رده‌وامیی له‌لایه‌ن کۆی گشتییه‌وه چ ڕۆژانه به‌کارده‌هێنرێت و چ په‌ره‌شی پێده‌ده‌رێت. یه‌کێک له‌وانه خه‌ونی حوشتره. خه‌ونی حوشتر له مشتومڕی نێوان خه‌ڵکییدا، له‌نێوانی سیاسییه‌کان، له‌نێوانی نووسه‌راندا ...هتد. به‌رده‌وام به نموونه ده‌هێنرێته‌وه. زۆرجار میدیاش بۆ لێدانی لایه‌نێکی سیاسیی، که‌سایه‌تییه‌ک ....هتد. به‌کاری ده‌هێنن. بۆ من هیچترین په‌ند و هیچترین چیرۆکی کوردیی خه‌ونی حوشتره. چیرۆکێک بێجگه له شکاندنی که‌سایه‌تیی، بێجگه له له‌ناوبردنی خه‌ون هیچ شتێکی تر نییه.
دوو خه‌ون له کۆمه‌ڵگای کوردییدا زۆر دیار و خاوه‌ن ناوبانگن، هه‌ردووکیشیان له‌ناو کۆمه‌ڵگای کوردییدا خاوه‌نی یه‌ک واتان، لێ وه‌ک دراوێک به دوو ڕووی جیاوازه‌وه. یه‌کیان خه‌ونی حوشتره و ئه‌وی تریان خه‌ونی شاعیرانه. لێبه‌ڵێ جیاوازییه‌کی گه‌وره هه‌یه له‌نێوانی خه‌ونی حوشتر و خه‌ونی شاعیردا. ئه‌مه له‌کاتێکدایه من دژ به خه‌ونی حوشتر نیم، به‌ڵکوو دژ به‌و جۆره چیرۆکه‌م، که خه‌ونی حوشترێکی له‌سه‌ر بنیات نراوه. خه‌ون فێنۆمێنێکی گه‌وره‌یه، ئه‌وه‌ی له خه‌ونی حوشتردا خه‌ونی چ بچووککردۆته‌وه و چ بێ نرخیشی کردووه، چۆنیه‌تی داڕشتنی چیرۆکه‌که‌یه. خه‌ون، خه‌ونه هی حوشتر بێت یان هی شاعیر هیچ له باسه‌که ناگۆڕێت.
کاتێک شاعیر خه‌ون به ژیانێکه‌وه، به ئاینده‌یه‌که‌وه، به سه‌رکه‌وتنێکه‌وه ده‌بینێت، له ڕێگای توانایه‌کی سپیریتوێلانهوه ده‌یهێنێته پێشچاوی خۆی، ئاواتی پێده‌خوازێت، باوه‌ڕی پێی هه‌یه، هه‌ربۆیه له ڕێگای ئه‌م توانایه‌وه خه‌ونی شاعیر ده‌بێته ڕیالیتێت، ده‌بێته ڕاستیی. ئاخر مه‌رج نییه ئه‌وه‌ی هۆنراوه نووس بێت، شاعیر بێت. شاعیربوون توانایه‌کی سپیریتوێلانهیه، که به‌شێک له خه‌ڵکانی ئه‌قڵانیی نه تێیده‌گه‌ن و نه ده‌شتوانن په‌سه‌ندی بکه‌ن. خه‌ون باوه‌ڕبوونه به به‌ده‌ستهێنانی ئاینده‌یه‌ک، که له ڕێگای بیرکردنه‌وه و هه‌ستێکی قوڵه‌وه به‌ده‌ستی ده‌هێنین. ڕاستییه‌کی تاڵ وه‌ک نموونه لێره‌دا ئازادیی کوردستان و هه‌بوونی ده‌وڵه‌تێکی کوردییه. به‌شێکی گه‌وره‌ی کورد فشه‌یان به ئازادیی و هه‌بوونی ده‌وڵه‌تی کوردیی هه‌یه. به شتێکی مه‌حاڵی ده‌زانن، نه‌ک خاوه‌نی خه‌ون بن بۆی، به‌ڵکوو هه‌بوونی ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌ش وه‌ک مام جه‌لال به خه‌ونی شاعیرانه ده‌زانن. خه‌ون گه‌وره‌تریین هێزه بۆ گه‌یشتن به ژیانێک، به سه‌رکه‌وتنێک به ئاینده‌یه‌ک ....هتد. خه‌ون هه‌موو شت نییه له ژیاندا، به‌ڵام هه‌موو شت له ژیاندا به‌بێ خه‌ون هیچه. وڵاتانی سه‌رکوتوو و پێشکه‌وتوو خاوه‌نی خه‌ونن، خه‌ڵکانی سه‌رکه‌وتوو و پێشکه‌وتوو خاوه‌نی خه‌ونن. خه‌ون گه‌وره‌تریین هه‌ڵسوڕێنه‌ری ژیانه.
ده‌شێت له‌لای به‌شێکی گه‌وره‌ی هاووڵاتییان جێگای گاڵته‌جاڕیی بێت، لێ ئه‌و ئاژه‌ڵه‌ی، ئه‌و باڵنده‌یه‌ی چ له بازاڕدا ده‌یکڕیت یان به هه‌ر شێوه‌یه‌ک بێت دێته ماڵه‌که‌ی تۆوه، خاوه‌نی خه‌ون بووه بۆیه هاتۆته ماڵه‌که‌ی تۆوه، تۆی هه‌ڵبژاردووه بۆیه تۆ کڕیوه، ئیدی تۆ چلۆن مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌که‌یت، ئه‌وه باسێکی تره. هیچ شتێک له گه‌ردووندا له خۆیه‌وه ڕوونادات، هه‌موو شت خاوه‌نی هۆکارێکی تایبه‌تی خۆیه‌تی.
له خه‌ونی حوشتردا، خه‌ون گاڵته‌جاڕ کراوه. هه‌ر که‌سێک ئه‌م چیرۆکه‌ی داهێنابێت، نووسی بێت ...هتد. که‌سێکی نه‌زان بووه، که‌سێکی سادیست و تووندڕه‌و و نارسیست بووه. خاوه‌نی ئه‌م چیرۆکه، ئه‌گه‌ر تۆزقاڵه زه‌ڕڕه‌یه‌ک خاوه‌نی تێگه‌یشتن بوایه له ژیاندا، ئه‌وا هه‌رگیز باسی خه‌ونی به‌وشێوه‌یه نه‌ده‌کرد. من خودی خۆم نازانم ڕه‌گی ئه‌م چیرۆکه چه‌ند درێژ بۆ مێژوو ده‌گه‌ڕێته‌وه، لێ له ڕێگای چه‌نده‌ها چیرۆکی وه‌ها هیچه‌وه ده‌زانم، که ئه‌م چیرۆکانه کاریگه‌ریی چه‌ند خراپیان له‌سه‌ر بیرکردنه‌وه‌ی تاک و کۆی کورد به‌رانبه‌ر به خه‌ون و به ئاینده هه‌یه. ده‌گمه‌نن ئه‌و تاکانه‌ی کورد، که خاوه‌نی خه‌ونن، ئه‌گه‌ر هه‌شبن، پێیان شه‌رمه باس له خه‌ونه‌کانی خۆیان بکه‌ن، نه‌باده گاڵته‌یان پێبکه‌ن و پێیانبڵێن، بهئاگابێرهوه.
تورکه‌کان به‌و دڕنده‌ییه‌ی خۆیانه‌وه، له خاوه‌نی هیچه‌وه بوونه خاوه‌نی خاک و وڵات و ئیمڕۆ ده‌سته‌ڵاتێکی گه‌وره‌ی ناوه‌ڕاستی خۆرهه‌ڵاتن. کورده‌کان له خاوه‌نی خاک و ده‌سته‌ڵاته‌وه، ئیمڕۆ بێ خاک و بێدهستهڵاتتریین نه‌ته‌وه‌ی جیهانن. چونکه خاوه‌نی خه‌ون نین. خه‌ون مرۆڤایه‌تیی گه‌یانده ئه‌مێریکا، خه‌ون مرۆڤی گه‌یانده سه‌ر مانگ، خه‌ون ڕادیۆی به‌رهه‌مهێنا، خه‌ون کاره‌بای به‌رهه‌مهێنا، خه‌ون ڕووناکیی به‌رهه‌مهێنا، خه‌ون ئه‌و ئایفۆنه‌ی ده‌ستمانی به‌رهه‌مهێنا ...هتد. گاڵته‌کردن به خه‌ون، گاڵته‌کردنه به خود.
لێره‌دا ده‌گه‌ڕێمه‌وه سه‌ر تێکستێک، که په‌یوه‌ندییه‌کی ڕاسته‌وخۆی به خه‌ون و باوه‌ڕه‌وه‌یه، تێکستێک، که له به‌هاری ساڵی 2019دا نووسیوومه. به‌داخه‌وه له کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا چ نووسه‌ران و ڕۆشنبیرانمان که‌مته‌رخه‌من به‌رانبه‌ر به خه‌ون، چونکه خۆیان باوه‌ڕیان پێی نییه، چ کتێبخانهکانیشمان خاڵیین له به‌رهه‌می خه‌ون.
جیاواز له وڵاتانی خۆرئاوا، کۆمه‌ڵگای کوردیی خاوه‌نی ئه‌سپێکت و تێڕوانینێکه، خاوه‌نی ئه‌ده‌بێکی منداڵان و گه‌نجانه، که بناغه‌ی خۆی له‌سه‌ر خه‌م و ترس داناوه، بناغه‌ی خۆی له‌سه‌ر نائومێدی داناوه. هه‌موو ئه‌م چیرۆک و ئه‌ده‌بانه له ئاینده‌دا ده‌بنه نهۆمێک له باڵه‌خانه‌ی کهرەکتەری تاکدا. منداڵان ترس ده‌که‌نه پایه‌یه‌کی گه‌وره له کهرەکتەریاندا، ترس هه‌ڵیانده‌سووڕێنێت. له ئاینده‌دا ئه‌گه‌ر هاتوو ڕۆژێک بیانه‌وێت له خۆیاندا قووڵ ببنه‌وه، ئه‌وا ترس ڕێگانیشانده‌ریان ده‌بێت، هه‌ر بۆیه بگه‌ن به هه‌ر بیرکردنه‌وه و بڕیارێک، ئه‌وا به‌رهه‌می ترسیانه. ئه‌ڵمانه‌کان خاوه‌نی برایانی گریمسن، که کۆی چیرۆکه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی ئه‌ڵمانییان له کتێبێکی نرخداردا کۆ کردووەته‌وه، به‌شێکی گه‌وره‌ی ئه‌م چیرۆکانه وانه‌ن له ده‌روونناسییدا. دانمارکییه‌کان خاوه‌نی هانس کریستیان ئهندهرسنن، که به (هۆ سی) ئه‌نده‌رسن ناو ده‌برێت، چیرۆکه‌کانی هۆ سی هه‌مان شێوه به‌شێکی گه‌وره‌یان خاوه‌نی ناوه‌ڕۆکێکی ده‌روونناسیین و خوێندنه‌وه‌ی ده‌روونناسییان له‌سه‌ر ده‌کرێت. به‌شێک له وڵاتانی ئه‌وروپا، هه ریه‌که‌یان بۆ خۆیان خاوه‌نی لانیکه‌م ئه‌ده‌بێکی باڵای منداڵانن، که کاریگه‌رییه‌کی گه‌وره‌ی ده‌روونیی له‌سه‌ر کهرەکتەری تاک هه‌یه. فه‌ڕه‌نسا خاوه‌نی شازاده بچکۆلانه‌که‌ی ئه‌نتۆنی دی ساینته، به‌ریتانیا خاوه‌نی (ئالیس له خاکی میراکل)ی لێڤیس کارۆله. من کێشه‌یه‌کی زۆرم له وه‌رگێڕانی ناوی ئه‌م چیرۆکه‌دا هه‌بوو. له په‌یڤی کوردییدا په‌ڕجوو بۆ هه‌موو شت به‌کار دێت، بۆ مرۆڤ، بۆ بارودۆخ، بۆ شوێن ...هتد. من کێشه‌م له‌گه‌ڵ ئه‌م ڕایه‌دا هه‌یه، چونکه هه‌رچه‌ند ده‌که‌م په‌ڕجوو جێگای خۆی له بیرکردنه‌وه‌ی مندا ناکاته‌وه. به‌تایبه‌ت له شوێنێکی وه‌کوو ئه‌و خاکه‌ی که ئالیس سه‌فه‌ری بۆ ده‌کات وۆنده‌رلاند. (Alice in Wonderland) ناکرێت وه‌ربگێڕدرێت به ئالیس له وڵاتی یاخود نیشتمانی په‌ڕجووه‌کان. ئه‌م ئه‌ده‌به باڵایه له ساڵی 1865ه‌وه هه‌تاوه‌کوو ئێستا قسه و لێکۆڵینه‌وه‌ی له‌سه‌ر ده‌کرێت، به‌ڵام من ناوی ده‌نێم ئالیس له خاکی میراکلدا. میراکل چه‌مکه یۆنانییه کۆنه‌که‌یه و له‌دوای یۆنانی کۆنیشه‌وه له زمانی لاتایندا وه‌ک میراکولوم به‌کار هاتووه، لێ وه‌ک خاوه‌نی هه‌مان واتا و ناوه‌خن به‌کار هاتووه، به‌ڵام هه‌رچه‌ند ده‌که‌م، په‌ڕجوو ناتوانێت وه‌ک میراکولوم، وه‌ک میراکل خاوه‌نی هه‌مان واتا و ناوه‌خن بێت، ئه‌مه وێڕای ئه‌وه‌ی، که من په‌ڕجوو هه‌مان شێوه بۆ مرۆڤیش ناتوانم به‌کار بهێنم.
من خودی خۆم خوێنه‌رێکی قووڵی ئه‌ده‌بی منداڵانم، خوێنه‌رێکی قووڵی ئه‌ده‌بی فه‌نتازیام، له به‌شێکی گه‌وره‌ی ئه‌ده‌بی منداڵاندا، له ئه‌ده‌بی فه‌نتازیادا ڕاستییه‌کی ڕه‌وان هه‌یه که خاوه‌نی خوێندنه‌وه‌یه‌کی قووڵی ده‌روونییه. لیستی فاڤۆریتی به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بییه‌کانی من درێژن، ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی که به‌رده‌وام وه‌ک سه‌رچاوه ده‌گه‌ڕێمه‌وه سه‌ریان. لێره‌دا به نموونه، ئاگردانه ئاسینینهکهی برایانی گریمس و مراوییه ناشیرینه‌که‌ی هۆی سی ئه‌نده‌رسن و (ئالیس له خاکی میراکل)ی لێڤیس کارۆل ده‌هێنمه‌وه. من لێره‌دا ده‌مه‌وێت زیاتر تیشک بخه‌مه سه‌ر ئالیس له خاکی میراکلدا، چونکه گرنگییه‌کی چاره‌نووسسازی بۆ منداڵان و گه‌نجانی کورد هه‌یه. له منداڵیی ژیانی تاکی کورددا، خه‌ونه‌کان و باوه‌ڕه‌کان ده‌کوژرێن، له‌لایه‌ن دایک و باوکه‌وه، له‌لایه‌ن خوشک و براوه، له‌لایه‌ن مامۆستاوه، له‌لایه‌ن تاکه‌کانی کۆمه‌ڵه‌وه ...هتد. هه‌ر کاتێک منداڵێک، گه‌نجێک له‌سه‌ر ئایندهی خۆی خاوه‌نی بیرکردنه‌وه‌یه‌ک بووبێت، ئه‌وا ڕاسته‌وخۆ ڕاوه‌ستێنراوه، چونکه بیرکردنه‌وه‌که‌یان به مه‌حاڵ زانیوه و پێیانگوتووه، که باشتره که‌سێکی ڕیالیست بێت وه‌ک له‌وه‌ی خه‌ون به شتێکی مه‌حاڵه‌وه ببینێت. کێشه‌ی ڕیالیتێت، یه‌کێکه له کێشه گه‌وره و گرانه‌کانی هه‌میشه‌یی کورد. ئه‌م کێشه‌یه زیاتر له‌لایه‌ن خه‌ڵکانی ئه‌کادێمیی کورده‌وه، له‌لایه‌ن نووسه‌ر و ڕۆشنبیرانه‌وه، له‌لایه‌ن میدیا و ئینستیتوته‌کانی خوێندنه‌وه زیاتر ڕێگر بووه له گه‌شه‌ی ده‌روونیی تاکی کورد. تاکی کورد له هه‌ڕه‌تی منداڵییه‌وه فێر کراوه، که هه‌رگیز باوه‌ڕ به مه‌حاڵێک نه‌کات. لێ باوه‌ڕکردن به مه‌حاڵه‌کان ته‌نیا فێنێۆمێنێکی ده‌روونی نییه، به‌ڵکوو فیزیکییشه.
دێکارت له ته‌مه‌نی نۆزده ساڵییدا، له پارکێکدا، ته‌ماشای ئه‌و فیگوورانه ده‌کات، که به هه‌ڵمی ئاو ده‌جووڵێن، ئه‌و ئهپهڕاتهی، ئه‌و ده‌زگایه‌ی، که فیگوورهکان ده‌جوڵێنێت شاردراوه بووه، هه‌تاوه‌کوو سه‌رنجی بینه‌ران زیاتر ڕابکێشێت، که چلۆن ئه‌م فیگوورانه ده‌جووڵێن. ئالێره‌دا دێکارت ئاگایی له جه‌سته‌ی مرۆڤ جیا ده‌کاته‌وه. دێکارت ئه‌م بیرکردنه‌وه‌یه ده‌گوێزێته‌وه بۆ گه‌ردوون و ده‌ڵێ، گه‌ردوونیش به‌م شێوه‌یه کار ده‌کات، به‌شێکی ماتریاڵیی، که وه‌ک ماشینێک کار ده‌کات و به‌شێکیش بیر ده‌کاته‌وه. واته جه‌سته‌کان ماشینێکن و گایستیش یاخوود ئاگایی لەده‌ره‌وه‌ی جه‌سته‌دایه. گایست بریتییه له تواناکانی بیرکردنه‌وه و ئه‌قڵ. ساده‌ترین نموونه، من بۆ ئه‌وه‌ی چێشتێک دروست بکه‌م، پێویستم به بیرکردنه‌وه‌یه له‌وه‌ی که چۆن ئەم چێشته دروست بکه‌م، دواتر جه‌سته‌م ڕۆڵی ماشێنێک ده‌بینێت که چێشته‌که دروست ده‌کات.
له‌دوای ئه‌وه‌وه، زانایانی فیزیک بەقووڵی له‌م تیۆرییه‌یان کۆڵییه‌وه، زانایانی کوانتن فیزیک زیاتر گرنگییان به‌م تیۆرییه داوه، چونکه کوانتیرهی گه‌ردوون و ڕووداوه‌کان ده‌که‌ن. کوانتن له (کوانتووم)ی لاتایینهوه هاتووه، به واتای چه‌ند یاخود چه‌ند گه‌وره. لێره‌دا قسه له‌سه‌ر ئه‌تۆم ده‌کرێت، ته‌واوی گه‌ردوونیش له ئه‌تۆم پێکهاتووه، ته‌واوی ئه‌تۆمه‌کانی گه‌ردوونیش له په‌یوه‌ندییدان له‌گه‌ڵ یه‌کتردا. بیهێنه به‌رچاوی خۆت که ئاو له سێ ئه‌تۆم پێکهاتووه، بیهێنه به‌رچاوی خۆت که جه‌سته‌ی مرۆڤ زیاد له سه‌دا شه‌ستی له ئاو پێکهاتووه، هه‌ر لیترێک له ئاویش خاوه‌نی 10:26 مۆله. له یاسای کیمیاشدا هه‌ر شتۆفێک هه‌ر ئه‌تۆمێک خاوه‌نی 6X10:26 مۆلهکوله. له‌شی مرۆڤ خاوه‌نی له سه‌دا شه‌ست ئاوه، له سه‌دا بیست پرۆتینه، له سه‌دا پازده چه‌ورییه و له سه‌دا پێنجیش مینهراڵه. لێره‌دا به نزیکه‌ی 30 مۆل پێوان ده‌کرێت. واته ئه‌گه‌ر مرۆڤێک خاوه‌نی هه‌شتا کیلۆ بێت، ئه‌وا ده‌بێته خاوه‌نی 80.000:30 که ده‌کاته 3.000 مۆل. لێره‌دا ده‌بێت بیهێنیته به‌رچاوی خۆت، که جه‌سته‌ی مرۆڤ خاوه‌نی ژماره‌یه‌کی خه‌یاڵیی له ئه‌تۆمه. ئه‌م ژماره خه‌یاڵییه له ئه‌تۆم، خه‌یاڵێکی مه‌حاڵ ده‌کاته ڕیالیتێت، خه‌ونێک ده‌کاته ڕیالیتێت. ده‌شێت هێشتا بیرت بێت، که له قوتابخانه‌کان و زانکۆکانیشدا هه‌تاوه‌کوو ئێستا چۆن وێنه‌ی ئه‌تۆمێک ده‌کێشرێت، لێ ئه‌و وێنه‌ی ئه‌تۆمه له ڕیالیتێتدا به‌و شێوه‌یه نییه که هه‌تاوه‌کوو ئێستا وێنای کراوه. ماکس پلانک له ساڵی 1900دا قسه‌ی له‌سه‌ر کوانتیفیسیرهی جه‌سته‌کان (ئه‌تۆمه‌کان) کرد، به‌شێوه‌یه‌ک ئه‌گه‌ر له جووڵه‌ی ساتهلیتێکدا ڕێگای ئێلکترۆنه‌کان بگۆڕێن، ئه‌وا له جه‌سته‌کاندا، له ئه‌تۆمه‌کاندا ئێلێکترۆنه‌کان باز ده‌ده‌ن، نه‌ک جاده‌کانیان بگۆڕن، نه‌ک ڕێگاکانیان بگۆڕن. لێره‌وه، له‌م مێژووه‌وه قسه له‌سه‌ر بازدانی کوانتن ده‌کرێت.
ئێلێکترۆنه‌کان باز ده‌ده‌ن. هه‌ر بۆیه له قسه‌کردندا له‌سه‌ر کوانتن فیزیک، قسه‌که‌ر ناتوانێت دڵنیابێت له‌وه‌ی که چی ده‌ڵێت، چونکه به‌رده‌وام بیرکردنه‌وه‌کان باز ده‌ده‌ن. بگه‌ڕێینه‌وه بۆ بیرکردنه‌وه‌ی منداڵێک له‌سه‌ر ئایندهی خۆی، لێره‌دا سانا هه‌ست به بازدانی ئێلێکترۆنه‌کان ده‌کرێت، کاتێک منداڵێک بیر له شتێکی مه‌حاڵ ده‌کاته‌وه. شاژنه سپییه‌که‌ی ئالیس له خاکی میراکلدا، به ئالیس ده‌ڵێ، ئالیس، مرۆڤ ده‌بێ مه‌شق بکات، ڕاهێنان بکات بۆ ئه‌وه‌ی باوه‌ڕ به مه‌حاڵ بکات من له ته‌مه‌نی تۆدا به یه‌کجار خاوه‌نی شه‌ش بۆ حه‌وت بیرکردنه‌وه‌ی مه‌حاڵ بووم، ئه‌مانه‌ش له‌پێش نانخواردنی به‌یانییاندا. من دڵنیام له‌وه‌ی، که هه‌موو یه‌کێک له ئێمه له منداڵییدا ڕۆژانه خاوه‌نی شه‌ش بۆ حه‌وت بیرکردنه‌وه‌ی مه‌حاڵ بووه، لێ له شه‌رماندا و له ترساندا که گاڵته‌ی پێ نه‌کرێت، بیرکردنه‌وه‌کانی بۆ که‌س نه‌درکاندووه. هه‌موو کوردێک له منداڵیی خۆیدا خاوه‌نی بیرکردنه‌وه‌ی ئه‌وه بووه، که نیشتمانه‌که‌ی ئازاد بێت و ببێته خاوه‌نی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی خۆی، لێ گه‌وره‌کان ئه‌م خه‌ونه‌یان شێواندن، هه‌روه‌کوو ئێستاش به به‌رده‌وامیی ده‌یشێوێنن. ئالیس له خاکی میراکلدا ده‌ڵێ، بۆ ئه‌وه‌ی مه‌حاڵێک بکه‌یته شتێک بۆ ڕوودان، پێویسته بیهێنیته به‌رچاوی خۆت که ده‌توانێت ڕوو بدات. ئالێره‌دا په‌روه‌رده‌ی گه‌شه‌ی ده‌روونیی منداڵ ده‌ست پێده‌کات و پێچه‌وانه‌که‌شی له کۆمه‌ڵگای کوردییدا پراکتیزه ده‌کرێت، به‌ڵام هێشتا دره‌نگ نییه بۆ چاککردنی ئه‌م سیستێمی په‌روه‌رده‌یه، به‌ڵکوو ئێستا و ئالێره‌دا ده‌توانین ده‌ست پێ بکه‌ین، که ئازادیی ڕاده‌ربڕین و بیرکردنه‌وه بده‌ین به منداڵه‌کانمان، ئه‌و هه‌سته‌یان بده‌ینێ که نه شه‌رم بکه‌ن له‌وه‌ی ده‌یڵێن و نه بشترسن له‌وه‌ی ده‌یڵێن.
مێشک ته‌نیا ئامرازێکه بۆ گه‌یشتن به ئه‌قڵ، بۆ گه‌یشتن به بیرکردنه‌وه، مێشک ڕۆڵی کلیلێک ده‌بینێت، نه‌ک ئه‌قڵ له مێشک‌دا بێت. ئه‌وه‌ی یه‌ک جار له ژیانیدا مێشکێکی ڕاسته‌قینه‌ی مرۆڤی له‌سه‌ر له‌پی ده‌ستی دانابێت و سه‌رنجی دابێت، ئه‌وا درک به‌وه ده‌کات که مێشک ته‌نیا ئامرازێکه بۆ گه‌یشتن به ئه‌قڵ، بۆ گه‌یشتن به بیرکردنه‌وه نه‌ک ئه‌قڵ و بیرکردنه‌وه له مێشک‌دا به‌رهه‌م بێت، به‌ڵکوو له ڕێگای مێشکه‌وه پێی ده‌گه‌ین.
کاتێک تاک مێشکی بۆ بیرکردنه‌وه به‌کار دێنێت، ئه‌وا بیرکردنه‌وه‌ی کاریگه‌ریی ڕاسته‌وخۆی له‌سه‌ر ماته‌ریی هه‌یه، ئا لێره‌دا کوانتن فیزیک خاوه‌نی به‌ڵگه‌ی سه‌لمێنراوه، که ته‌واوی ئه‌تۆمه‌کانی گه‌ردوون له‌گه‌ڵ یه‌کتریدا له په‌یوه‌ندیدان و ئێلێکترۆنه‌کانی ئه‌تۆمه‌کان توانای بازدانیان هه‌یه له توێکڵێکی ئه‌تۆمه‌که‌وه بۆ توێکڵێکی تر و له ئه‌تۆمێکه‌وه بۆ ئه‌تۆمێکی تر. ئیدی لێره‌وه سه‌رنج له‌و ژماره خه‌یاڵییه‌ی ئه‌تۆمه‌کانی جه‌سته‌ت بده و بیر بکه‌ره‌وه، که توانای چی‌یان ده‌بێت بۆ کردن. خودی خه‌وبینین یه‌کێکه له پرۆسه ئه‌تۆمییه‌کان له بازدانی ئێلێکترۆنهکاندا.
هه‌موو تاکێک له ئاگایی و نائاگاییدا ڕۆژانه خاوه‌نی زیاتر له شه‌ست هه‌زار بیرکردنه‌وه‌یه، هه‌ر بیرکردنه‌وه‌یه‌ک ده‌بێته خاوه‌نی ده‌نگدانه‌وه‌ی هه‌ست له‌گه‌ڵ بیرکردنه‌وه‌یه‌کی تردا، لێ ده‌نگدانه‌وه‌ی هه‌سته‌کان وه‌ک هه‌ر سیستێمێکی تری گه‌ردوونی خاوه‌نی یاسای خۆیه‌تی. بیرکردنه‌وه ته‌نیا بیرکردنه‌وه‌یه‌ک نییه، که وه‌ک خه‌ڵکیی تێی ده‌گات، به‌ڵکوو هه‌موو بیرکردنه‌وه‌یه‌ک ڕۆڵی کلیلێک له گه‌ردووندا ده‌بینێت، که ده‌رگایه‌کی پێ ده‌کرێته‌وه، ئیدی به‌بێ گوێپێدانه ئه‌وه‌ی چ ده‌رگایه‌ک ده‌کاته‌وه. بۆ نموونه بیرکردنه‌وه‌یه‌ک که به‌خته‌وه‌رمان بکات یان خه‌مبار، قازانج بێنێته ژیانمانه‌وه یان زیان ...هتد. هه‌موو بیرکردنه‌وه‌یه‌کیش خاوه‌نی دره‌وشاندنه‌وه‌یه‌کی ئێلێکترۆ ماگنێتییه، که ئێلێکترۆنه‌کانی نه‌ک ته‌نیا جاده‌ی خۆیان له‌گه‌ڵ بیرکردنه‌وه‌دا ده‌گۆڕن، به‌ڵکوو توانای بازدانیشیان هه‌یه. بۆ نموونه کاتێک تۆ پرۆژه‌یه‌کت هه‌یه و چاوه‌ڕێ ده‌کرێت که پرۆژه‌که‌ت له چه‌ند هه‌فته‌یه‌کدا، له چه‌ند مانگێکدا، له چه‌ند ساڵێکدا کۆتایی پێ بێت، لێ پرۆژه‌که‌ت زۆر له‌وه خێراتر کۆتایی پێ دێت، که چاوه‌ڕێت کردووه، ئالێره‌دا بازدانێکی کوانتی ڕۆڵێکی گه‌وره‌ی له ته‌واوبوونی پرۆژه‌که‌تدا بینیوه.
مه‌حاڵه‌کان له باوه‌ڕێکی له سه‌دا سه‌دی تاکه‌وه ده‌بنه ڕیالیتێت، واتا تاک پێویسته له دڵه‌وه له سه‌دا سه‌د باوه‌ڕ به‌وه بکات، که ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێت، ده‌توانێت بیکات، ده‌توانێت پێی بگات. پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه، که بۆچی له دڵه‌وه؟ وه‌ڵام، چونکه دڵ گه‌وره‌ترین گه‌رانتۆری، هه‌ڵسوڕێنه‌ری ئه‌نه‌رگیی جه‌سته‌ی مرۆڤه. دڵ ته‌نیا خوێنبه‌ر و خوێنهێنه‌رێک نییه له جه‌سته‌دا، به‌ڵکوو چاوگه‌یه‌کی گه‌وره‌ی ئهنهرگییشه، هه‌مان کات خاوه‌نی نۆیرۆنیشه. واتا لێره‌دا ته‌نیا مێشک به‌س نییه بۆ بیرکردنه‌وه‌یه‌ک، به‌ڵکوو پێویسته دڵیشی له‌گه‌ڵدا بێت. دڵێکی گه‌وره ئه‌و دڵه باوه نییه، که به به‌زه‌یی و میهره‌بان ناسراوه، به‌ڵکوو دڵێکی گه‌وره خاوه‌نی گه‌وره‌تریین ئه‌نه‌رگییه، که سانا ده‌توانێت سنووره‌کان ببه‌زێنێت، بازدانی ئێلێکترۆنه‌کانی بازدانێکی خه‌یاڵییه، بازدانێکی مه‌حاڵه‌کانه.
ڕه‌خنه‌گرانی ئه‌ده‌بی کوردی زۆر به شانازی و شکۆوه به خۆیان و چاویلکه‌یه‌کی وردبینه‌وه له ئه‌ده‌بێکدا ده‌گه‌ڕێن بۆ هه‌ڵه‌ی ڕێزمان و زمانه‌وانی، لێ بەهۆی که‌میی تواناوه، ناوه‌ڕۆک هه‌ڵناسه‌نگێنن، به‌هۆی که‌میی شاره‌زاییه‌وه زانست له ئه‌ده‌بێکدا نابینن. بۆ ئه‌وه‌ی زانست له ئه‌ده‌بێکدا به‌دی بکه‌یت، پێویسته لانیکه‌م چه‌ند زانستێکت خوێندبێت. بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌ده‌بێکی زانستیی بتوانیت بنووسیت، پێویسته لانیکه‌م چه‌ند زانستێکت خوێندبێت.
هیچ شتێک مه‌حاڵ نییه، ئه‌گه‌ر بێت‌و باوه‌ڕ بکه‌یت، که ئه‌وه‌ی ده‌ته‌وێت مه‌حاڵ نییه. وه‌ک شاژنه سپییه‌که‌ی ئالیس له خاکی میراکلدا به ئالیس ده‌ڵێ، تۆ پێویسته له‌سه‌رت، که ده‌ست پێ بکه‌یت، که باوه‌ڕ به مه‌حاڵه‌کان بکه‌یت. ئه‌گه‌ر منداڵێکی کوردیت، گه‌نجێکی کوردیت، پیرێکی کوردیت، به‌بێ گوێپێدانه ئه‌وه‌ی، که خه‌ڵکی چ ده‌ڤه‌رێکی کوردستانیت، له باکووره‌وه هه‌تاوه‌کوو باشوور و له خۆرهه‌ڵاتیشه‌وه هه‌تاوه‌کوو خۆرئاوا، باوه‌ڕ ده‌که‌یت، که به‌دیهێنانی ده‌وڵه‌تێکی کوردی مه‌حاڵه، چونکه خاوه‌نی فڵان دوژمن و فیسار کێشه و تهگهرهین، ئه‌وا باوه‌ڕ بکه، که ئه‌و مه‌حاڵه شیاوی ڕوودانه که ئه‌و مه‌حاڵه ده‌بێته ڕیالیتێت، ده‌بێته ڕوودانێک. ئه‌م مه‌حاڵه ده‌بێته ڕاستی، چونکه تۆیه‌کی منداڵی لاواز، تۆیه‌کی گه‌نجی باوه‌ڕ بەخۆ نه‌بوو، ئه‌گه‌ر کوڕیت ئه‌گه‌ر کچیت، له ئاینده‌دا ده‌بیت به یه‌کێک له‌و که‌سانه‌ی که ئه‌م مه‌حاڵه ده‌که‌نه ڕاستی، ده‌بیت به یه‌کێک له‌و پاڵه‌وانانه‌ی که فڵان دوژمنی زۆردار ده‌به‌زێنیت، که به‌سه‌ر فیسار کێشه و ته‌گه‌ره‌دا سه‌رده‌که‌ویت.
ماوه‌ته‌وه بڵێم، خه‌ونی حوشتر له مێشکی خۆتدا فڕێبده‌ره ده‌ره‌وه، چونکه له زیان زیاتر هیچ قازانجێکت پێناگه‌یه‌نێت.