ئومێد خۆشناو: به ره‌چاوكردنی بار و گوزه‌رانی خه‌ڵك قه‌ده‌غه‌ی هاتووچۆی سه‌رتاسه‌ریمان رانه‌گه‌یاند
K24 - هه‌ولێر:
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هه‌ولێر، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه (13ی نیسان/ ئه‌پرێلی 2021) له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، به ره‌چاوكردنی بار و گوزه‌رانی خه‌ڵك، قه‌ده‌غه‌ی هاتووچۆی سه‌رتاسه‌ریمان رانه‌گه‌یاند، له به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌دا رێكاره‌كانی خۆپارێزی توندتر ده‌كرێنه‌وه.
ئومێد خۆشناو گوتی: "له‌به‌ر هه‌ڵكشانی ئاماره‌كانی تووشبوون به كۆرۆنا، له كۆبوونه‌وه‌ی لیژنه‌ی باڵای رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا نیازی ئه‌وه هه‌بوو قه‌ده‌غه‌ی سه‌رتاسه‌ری رابگه‌یه‌نرێت، به‌ڵام به ره‌چاوكردنی بار و ژیانی خه‌ڵكی وڵاته‌كه‌مان رێكاره‌كان كه‌مكرانه‌وه".
گوتیشی: "له پێشوازی مانگی ره‌مه‌زاندا، جموجۆڵی كۆمه‌ڵایه‌تی زیاتر ده‌بێت، بازاڕ و كه‌سابه‌ت گۆڕانگاری به‌سه‌ردادێت، له‌وچوارچێوه‌یه‌دا له لیژنه‌ی باڵای كۆرۆنا و له ژووری ئۆپه‌راسیۆن ره‌چاوی ئه‌و داخوازییانه‌ی خه‌ڵكمان كرد، رێكاره‌كان كه‌متربوونه‌وه، كه‌واته پێویست به خۆپارێزی زیاتر ده‌كات".
پارێزگاری هه‌ولێر ئاماژه‌ی به‌وه كرد، "ده‌رگای مزگه‌وته‌كان به رووی موسڵمانان كرانه‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و مانگه تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه و خه‌ڵك زیاتر روو له مزگه‌وت ده‌كات، نوێژه‌كانیان له مزگه‌وت ده‌كه‌ن، بۆیه رێوشوێنه‌كانی خۆپارێزی له لایه‌ن ئه‌وقافه‌وه و ته‌نانه‌ت فه‌رمانبه‌رانی مزگه‌وته‌كانه‌وه توند ده‌كرێنه‌وه، به‌شێك له‌و پێداویستییانه‌ش بۆیان دابین ده‌كرێت، له‌مڕۆوه پڕۆسه‌كه ده‌ست پێده‌كات".
د.ی