پەسەندکردنی بودجە کاریگەری لەسەر وەبەرهێنانی کوردستان درووست ده‌كات

"پەسەندکردنی بودجە دەستکەوتی بۆ کوردستان دەبێت"
پەسەندکردنی بودجە دەستکەوتی بۆ کوردستان دەبێت
پەسەندکردنی بودجە دەستکەوتی بۆ کوردستان دەبێت

K24 - هه‌ولێر:

سەرۆکی لقی سلێمانیی یەکێتی وەبەرھێنەرانی کوردستان رایگه‌یاند، ئێمە لە یەکێتی وەبەرھێنەرانی کوردستان کاتێک سەیری دیوی دووەمی پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق دەکەین، لە ھەموو کەس زیاتر ھەست بە دەستکەوت و سەرکەوتنی ھەرێمی کوردستان دەکەین، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، ھەرێمی کوردستان لەمەودوا دەتوانێت قەرەبووی نەھامەتییەکانی ساڵانی رابردوو بکاتەوە.

دوای ھەوڵە بەردەوامەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ رێکكەوتن لەسەر پشکی ھەرێمی کوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجەی ئەمساڵی عێراق و بەبەرھەم ھاتنی ئەو ھەوڵانە، ئێستا پشکی کورد دیاریکراوە، چین و توێژە جیاوازەکانیش خۆشحاڵن بەو ھەنگاوە گرنگەی کابینەی نۆی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، رەنگە ھیچ کەسێکیش ھێندەی وەبەرھێنەران بایەخی ئەو رێکكەوتنە نەزانن، چونکە بە گوتەی "مەلا یاسین مەحموود"، سەرۆکی لقی سلێمانیی یەکێتی وەبەرھێنەران پەسەندکردنی بودجەی عێراق گەورەترین دەرفەتە بۆ بووژانەوەی ژێرخانی ئابووری ھەرێمی کوردستان.

مەلا یاسین مەحموود گوتیشی: بە ھۆی سەقامگیری ئاسایش و ئابووری لە کوردستان دەتوانن مانگانە یەک ملیار دۆلار لە بودجەی عێراق بە ھۆی چەندین پڕۆژەوە بھێنن بۆ ھەرێمی کوردستان.

شارەزیانی ئابووری بە گرنگی دەزانن ئیدی حکومەتی ھەرێمی کوردستان گرنگی زیاتر بەکەرتەکانی پیشەسازی و گەشت و گوزار و کشتوکاڵ بدات و پلانی تۆکمەیان بۆ دابنێت، "کامەران قادر"، مامۆستای زانکۆ و پسپۆڕی ئابووری بە گرنگی دەزانێت ئەو بودجەیەی لە بەغداوە دێت بەشێکی تەرخان بکرێت بۆ پڕۆژەکانی وەبەرھێنان.

بە گوتەی سەرۆکی لقی سلێمانیی یەکێتی وەبەرھێنەران خاڵێکی گەشی دیکەی رێکكەوتنی ھەولێر و بەغدا ئەوەیە کە جێبه‌جێكردنی یاسای بودجە بەرگێکی نوێ دەداتەوە بە ئابووری ھەرێمی کوردستان و ھێزی ئاڵوگۆڕی بازرگانی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی دیکە بە رێژەیەکی بەرچاو زیاد دەکات.

 

د.ی