فه‌رمانده‌یه‌كی هێزی پێشمه‌رگه‌ "داستانی كۆڕێ" ده‌گێڕێته‌وه‌

"ئەگەر سەرۆك بارزانی لەناو پێشمەرگە نەبووایە، ئەو سەركەوتنە تۆمار نەدەكرا"
عومەر عوسمان، "داستانی كۆڕی" ده‌گێڕێته‌وه‌
عومەر عوسمان، "داستانی كۆڕی" ده‌گێڕێته‌وه‌

K24 - هه‌ولێر:

فەرماندەیەكی ھێزی پێشمەرگەی كوردستان دوای (30) ساڵ بیرەوەری نەبەردی و بوێری پێشمەرگە "داستانی كۆڕێ" دەگێڕێتەوە و ئەو داستانە مێژوییە بە خاڵی وەرچەرخانی ورەی پێشمەرگە ناو دەبات. وردەكاری و راستییەكانی شەڕی رۆژی (7/ 4/ 1991)ی بیردێنێتەوە و باس لە رۆڵی سەرۆك بارزانی لە سەرپەرشتیكردنی راستەوخۆی شەڕەكە و ئازایەتی ھێزی پێشمەرگە و بەشداری سووپای بارزان دەكات و ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، ئەگەر سەرۆك بارزانی لەنێو پێشمەرگە نەبووایە، ئەو سەركەوتنە تۆمار نەدەكرا.

له‌ كۆڕێ، (30) ساڵ لەمەو پێش داستانێك تۆمار كراوە، مێژوو و شوێنەوارەكەی شاھیدی بۆ دەدەن، "عومەر عوسمان" یەكێك لە فەرماندەكانی ھێزەی پێشمەرگە، كە "داستانی كۆرێ"یان تۆمار كردووە و وردەكارییەكانی به‌باش بیرماوە. ئەو مێژوییەك لە بوێری و ئێرادەی ھێزی پێشمەرگە لەو قۆناغەی بەرگری، لە مانگی نیسان بیر دەكەوێتەوە باسی رۆژی (7ی نیسانی 1991) دەكات و بە گەورەتریین خاڵی وەرچەرخانی ھێزی پێشمەرگەی لەو رۆژانەی دوای راپەڕین ناو دەبات و گوتی: "پێشمەرگەكانی پارتی داستانی ئەو رۆژە مێژووییەیان تۆمار كرد"، چیاكان و دەربەندی كۆڕێ بە شاھید دەگرێت، كە ئەو رۆژە لەم شوێنە چی روویداوە.

عومەر عوسمان، حەز دەكات راستییەكان بۆ مێژوو بمێنێتەوە، دوای بەرگری و سەركەوتنی ھێزی پێشمەرگە بەرامبەر سووپای عێراق ئاشكرای كرد، حزب و لایەنەكان ھاتنە كۆرێ و پێشنیازیان كرد ھەموو ھێزەكانی بەرەی كوردستانی بەشداربن، رۆڵی سەرۆك بارزانیشی  بە گرنگ ناو برد و جوختی كردوه‌، "سەرۆك بارزانی ھێز و ئێرادەی دایە ھێزی پێشمەرگە".

عومەر عوسمان، فەرماندەی ھێزی پێشمەرگە، كه‌ (72) ساڵ تەمەنی تێپەڕاندووە، لە تەمەنی (16) ساڵیدا بووەتە پێشمەرگە و دوای شەڕی ھەندرێن، كە تێیدا بەشدار بووە، "داستانی كۆڕێ" بە ستراتیژیترین شەڕی پێشمەرگە ناو دەبات.

ئه‌و فه‌رمانده‌یه‌، (2) جار بریندار بوون لە ماوەی ئەو تەمەنەی و بەردەوامبوون لە پێشمەرگایەتی، بە گەورەترین دەستكەوت و شانازییەكانی ژیانی دەزانێت، ئێستاش ئەو ئاوەدانی و ئارامییەی كوردستان لە ژێر ئاڵاكەی، بە بەرھەمی نەبەردییەكانی پێشمەرگە ناو دەبات.

د.ی