سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی باڵای فه‌توا: به‌كارهێنانی ڤاكسین واجبێكی شه‌رعییه
K24 - هه‌ولێر:
پرۆفیسۆر دکتۆر حه‌سه‌ن موفتی، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی باڵای فه‌توا لە هەرێمی كوردستان رایگه‌یاند، به‌كارهێنانی ڤاكسینی كۆرۆنا بۆ خۆپارێزییه، خۆپاراستن له كۆرۆناش واجبێكی شه‌رعییه.
دکتۆر حه‌سه‌ن موفتی گوتی: "ئاشكرایه كه هه‌ر ده‌ردێك ده‌رمانی خۆی هه‌یه و پێویسته به مه‌به‌ستی چاكبوونه‌وه موسڵمانان ده‌رمان به كاربهێنن، پاڵپشت به فه‌رمووده‌ی پێغه‌مبه‌ردا (درودی خوای لێ‌بێت) هاتووه: "لكل دا‌ء دواء، فإذا أصيب دواء الداء برأ بإذن الله عز وجل".
گوتیشی: "په‌تای كۆرۆنا یه‌كێكه له‌و په‌تا كوشندانه‌ی كه له كوردستان و جیهاندا هه‌زاران كه‌سی له‌ناوبردووه، بۆیه خۆپاراستن لێی واجبێكی شه‌رعییه و به‌كارهێنانی ڤاكسینیش بۆ ئه‌و مه‌به‌سته له روانگه‌ی ده‌قه‌كانی شه‌ریعه‌تی ئیسلامه‌وه دروسته و هیچ كێشه‌یه‌كی تێدا نییه، چونكه له بابی وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ر و خۆپارێزیدایه".
دکتۆر حه‌سه‌ن موفتی روونیكرده‌وه، "قورئان ده‌فه‌رموێت دروسته له كاتی ناچاریدا كه‌مێك له حه‌رام به‌كاربهێنرێت له پێناو پارێزگاری له خودی مرۆڤه‌كان، چونكه (حفظ النفس) پاراستنی خۆت، مه‌به‌ستێكی گه‌وره‌ی شه‌ریعه‌ته".
روونیشیكرده‌وه، "به پێی قاعیده‌ی فیقهی ئیسلامی ئه‌گه‌ر دوو زیان و خراپه رووبه‌ڕووی مرۆڤ بوویه‌وه؛ پێویسته له سه‌ری زیانه بچووكه‌كه یان كه‌مه‌كه هه‌ڵبژێرێت به مه‌به‌ستی خۆ پاراستن له زیانه گه‌وره‌كه، كه لای زانایانی شافیعی پێی ده‌گوترێت: (دفع أعظم المفسدتين بأدناهما).
سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی باڵای فه‌توا ئاماژه‌ی به‌وه كرد، "ئه‌و مادده كه‌مه‌ی كه ده‌گوترێت له نێو پیكهاته‌كانی ئه‌و ڤاكسینه‌دایه له چوارچێوه ئه‌سڵییه‌كه‌ی خۆی گۆڕاوه، به پێی راپۆرته پزیشكییه‌كان (تحول)ی بنه‌ڕه‌تی به‌سه‌ردا هاتووه، به هۆی گۆڕانكاری له ناوه‌ڕۆكدا له ناوه‌كه‌ی خۆیه‌وه گۆڕاوه بۆ ناوێكی دیكه".
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، "ئاشكرایه كه كاری سوتاندن بۆ گیانله‌به‌ر له شه‌ریعه‌تی ئیسلامدا حه‌رامه، به‌ڵام بۆ ته‌داوی و چاره‌سه‌ری پزیشكی دروسته په‌نای بۆ ببرێت، بۆیه حوكمه‌كه‌ی جودایه، كه‌واته له كاتی پێویستی و ناچاریدا هه‌ندێك له حوكمه‌كان ده‌گۆڕدرێن".
دکتۆر حه‌سه‌ن موفتی جه‌ختی كرده‌وه، "وه‌رگرتنی ڤاكسین به‌و مانایه نییه كه ئیتر خۆپارێزی فه‌رامۆش بكرێت، چونكه به‌رده‌وام خۆپارێزی باشتره له چاره‌سه‌ر".
د.ی