کەمی باران بارین و گرانی نرخی ئالیک کێشەی بۆ ئاژەڵداران دروستکردووە

خاوه‌ن كێڵگه‌كان داوای هاوكاری له‌ حكومه‌ت ده‌كه‌ن
كه‌می باران بارین كاریگه‌ری له‌سه‌ر كه‌مبوونه‌وه‌ی ئالیك كردووه‌
كه‌می باران بارین كاریگه‌ری له‌سه‌ر كه‌مبوونه‌وه‌ی ئالیك كردووه‌

K24 - هه‌ولێر:

کەمی باران بارین و گرانی نرخی ئالیکی هاوردەکراو، گرفتی زۆری بۆ خاوەن کێڵگەکانی بەخێوکردنی ئاژەڵ دروست کردووە، بەجۆرێک کە خاوەن کێڵگەکان دەڵێن ئەگەر گرفتی کەمی ئالیک و نرخی ئالیک چارەسەر نەکرێت، سامانی ئاژەڵ لە هەرێمی کوردستان بەرەو لەناوچوون دەچێت.

کەم بارانی ئەم ساڵ ترسی خستووه‌تە دڵی خاوەن کێڵگەکانی بەخێوکردنی ئاژەڵ، نرخی ئالیکی ئاژەڵ بەجۆرێک بەرز بووەتەوە، کە خاوەن کێڵگەکان دەڵێن ناچارین بۆ بەخێوکردنی ئاژەڵەکانمان نیوەیان بفرۆشین، تاوەکو بتوانین نیوەکەی دیکەیان بەخێو بکەین.

نرخی ئالیک بەجۆریک بەرز بووەتەوە، کە خاوەن ئاژەڵەکان توانای کڕینیان نەماوە، حوسێن حەمە کەریم، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵیش ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، هەوڵی ئەوە دەدەین باج لەسەر نرخی ئالیکی هاوردە کەم بکەینەوە.

ئەم ساڵ رێژەی باران بارین لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە بەراورد بە ساڵی پار زۆر کەم بوو، ئەمەش وادەکات سەرجەم ئەو بەروبوومانەی کە پێویستیان بە ئاو هەیە، کەم بێت، ئالیکی ئاژەڵیش بەشێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە، ئەو زەویانەش کە بە وێنجە یان هەر ئالیکی دیکەی ئاژەڵی چێنراون، بەرهەمیان کەمە یان نییە، بۆیە خاوەن کێڵگەکانی ئاژەڵ داواکارن گرفتەکەیان بەزوترین کات چارەسەر بکریت و هۆشداری لە لەناوچوونی سامانی ئاژەڵ دەدەن لە هەرێمی کوردستان.

 

د.ی