كۆشكی سپی نیگه‌رانی خۆی له بڕیاری ئێران بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی رێژه‌ی پیتاندنی یۆرانیۆم نیشاندا
K24- هه‌ولێر:
جین ساكی، گوته‌بێژی كۆشكی سپی رایگه‌یاند، وڵاته‌كه‌ی له بڕیاری ئێران بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی رێژه‌ی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ 60% نیگه‌رانه و ئه‌و بڕیاره‌ی ئێرانی به هه‌نگاوێكی هه‌راسانكارانه ناوبرد.
هه‌روه‌ها گوتی: "ئێمه به‌جددی له‌و هه‌نگاوه هه‌راسانكارانه‌ی ئێران ده‌ڕوانین، كه نیازی خۆی بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی رێژه‌ی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ 60%ی راگه‌یاندووه.. و پێویسته وڵاتانی گروپی 5+1 به‌یه‌كده‌نگی ئه‌و بڕیاره‌ی ئێران ره‌ت بكه‌نه‌وه".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "ئه‌م هه‌نگاوه گومانی زۆر له‌باره‌ی جدییبوونی ئێران له پابه‌ندبوونی به دانوستانه ئه‌تۆمییه‌كان دروست ده‌كات و جه‌ختیش له‌سه‌ر گرنگیی گه‌ڕانه‌وه بۆ هه‌ماهه‌نگی ئاڵوگۆڕكراو بۆ پلانی كاركردنی گشتگیری هاوبه‌ش ده‌كاته‌وه".
ئه‌مڕۆ میدیا فه‌رمییه ئێرانییه‌كان له‌سه‌ر زاری عه‌باس عێراقچی، گه‌وره دانوستانكاری ئێران له دانوستانه‌كانی ئه‌تۆمی ئه‌و وڵاته‌دا بڵاویانكرده‌وه، ئێران ده‌ست به پیتاندنی یۆرانیۆم به رێژه‌ی 60% ده‌كاته‌وه.
به‌گوێره‌ی كه‌ناڵی ته‌له‌ڤزیۆنی "پرێس تی ڤی"، عێراقچی رایگه‌یاندووه، وڵاته‌كه‌ی به رێكخراوی وزه‌ی ئه‌تۆمی جیهان راده‌گه‌یه‌نێت، له سبه‌ی 14ی نیسانه‌وه، به‌ڕێژه‌ی 60% ده‌ست به پیتاندنی یۆرانیۆم ده‌كه‌ن.
ئه‌مه له‌كاتێكدایه، به‌ر له چه‌ند رۆژێك دامه‌زراوه‌ی نه‌ته‌نزی ئه‌تۆمی ئێران رووبه‌ڕووی هێرشێك بووه‌وه و تاران په‌نجه‌ی تۆمه‌تی ئه‌و هێرشه‌ی بۆ ئیسرائیل درێژكرد و به‌ڵێنی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ی دا.
كازم غه‌ریب ئابادی، نوێنه‌ری هه‌میشه‌یی ئێران له رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له ڤیه‌ننا دووپاتیكرده‌وه، دوای به‌ئامانجكردنی دامه‌زراوه‌ی نه‌ته‌نز، پیتاندنی یۆرانیۆم له‌و دامه‌زراوه‌یه نه‌وه‌ستاوه و ده‌ستیش به گۆڕینی ئامێره‌كانی سه‌نته‌رفیوچی ناو ئه‌و دامه‌زراوه‌یه كراوه.
H.B