بۆچی دوای نان خواردن خەواڵو دەبین؟

حاڵەتەکە جیا لە مرۆڤ لە چەند گیاندارێک هەیە

K24- هەولێر:

ئەگەر دوای نانخواردنێکی زۆر، بەتایبەت ئەو کاتانەی کە زۆر برسیتە و نان دەخۆیت، خەواڵو دەبیت یاخود ئارەزووی خەو دەکەیت، نیگەران مەبە، چونکە تۆش وەک زۆربەی مرۆڤ و گیاندارەکانی دیکە جۆرێک حاڵەتت هەیە بە ناوی ''پۆستپراندیاڵ سلیپنێس''، کە جیا لە مرۆڤ لە مێرووەکان، مار، کەرم و مشکیش هەیە.

زانایان دوو گریمانەیان بۆ ئەمە هەیە، یەکەم، مرۆڤ و ئەو گیاندارانە کە برسیان دەبێت، بە جۆرێکی نا ئاسایی لەشیان هۆشیار دەبێت، ئەمەش کاردانەوەیەکی سرووشتییە بۆ ئەوەیە، خێراتر خواردن و نێچیر بدۆزنەوە، کاتێکیش تێر دەخۆن، لەشیان شەکەت دەبێت.

گریمانەی دووەم ئەوەیە، وەک تۆمۆنۆری کیشینۆ، پرۆفیسۆری پزیشکیی لە زانکۆی یۆرین لە ژاپۆن دەڵێت، پەیوەندی بە سووڕی خوێنەوە هەیە، کاتێک نان دەخۆین، چوونی خوێن بۆ ریخۆڵەکان و گەدە زیاد دەکات، ئەمەش وا دەکات، چوونی خوێن بۆ مێشک کەمبکات، بەمەش خەواڵو دەبین.

چەندین توێژینەوە و دەرئەنجامی جیاواز هەیە بۆ ئەوە، بەڵام لەسەر چارەسەرەکەی زۆربەیان کۆکن. دەبێت دوور بکەوینەوە لە ژەمە خۆراکی چەور و پڕ کالۆریی و زۆر. کاتێک زۆر برسیت دەبێت، بەشی ئەوەندە بخۆ کە برسیت نەبێت، نەک ئەوەی هەتا هەست دەکەیت گەدەت هیچ خواردنێکی دیکە ناگرێت.

هەرەوەها، هەندێک خۆراک هەن، هەرسکردنیان ئاسانترە و تەندروسترن، باشترین بژاردەن بۆ ئەوانەی کێشەی خەواڵویی دوای نان خواردنیان هەیە.

جیا لە هەموو ئەمانە، ناتەندروستی رێژەی خوێن و چەوری خوێن و ناچالاکی سووڕی خوێن، کاریگەری لەسەر کەمبوونەوەی وزەی مرۆڤ هەیە.