فۆكۆیاما: چۆن شۆڕشی "درۆنز"ی توركیایی  شێوەی شەڕە باوەكان دەگۆڕێت؟

فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكان دەبێتە چەكی سەرەكی لە گۆڕەپانەكانی شەڕدا. كەسیش ناتوانێت وێنا بكات شێوەی ئەو جیھانە دوای 10 ساڵی داھاتوو چۆن ده‌بێت.
فۆكۆیاما
فۆكۆیاما

K24 – ھەولێر:

گۆڤاری "ئەمەریكان بیربۆس"ی ئەمەریكایی، گوتارێكی زانا و فەیلەسوفی سیاسی و سەرۆكی دەستەی نووسەرانی گۆڤارەكە، فرانسیس فۆكۆیامای بڵاوكردەوە، تێیدا باسی فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكان (درۆنز) و ئەو ڕۆڵەی لە ئایندەدا لە یاری سیاسی لە گشت ناوچەكانی جیھان دەیگێڕێت كردووه‌ و رووناكیش دەخاتە سەر توركیا كە ئەو جۆرە فڕۆكانەی ھەیە و چۆن بووە ھۆی ئەوەی دەركەوتنی وەك ھێزێكی سەرەكی ناوچەكە.

فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكان جیھانێكی نوێ درووست دەكەن

نووسەر راپۆرتەكەی بەو قسانە دەستپێدەكات: كاتێك دەستكرا بە یاریكردن بە فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكان لە دەیەی یەكەمی ئەم سەدەیە، مەزندەكانی خۆم لە رۆژنامەی "فایشنەنشال تایمز" بەریتانیایی بڵاو كردەوە و گوتم، ئەگەر لە توانامدا ھەبووایە فڕۆكەیەكی لەم جۆرەم ھەبێت، كەواتە ھەر كەسێكی دیكە لە توانایدا ھەیە ھەمان ئەو كارە بكات، ئەم كارەش لێكەوتەی زۆری دەبێت لەسەر سیاسەتی جیھانی. ئەو كات ویلایەتە یەكگرتووەكان و ئیسرائیل كۆنترۆڵی تەكنەلۆجیای فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانیان كردبوو، بەڵام من ئاماژەم كردبوو، كەوا دەبێت ئەم تەكنەكۆجیایە بەشێوەیەكی بەرفراوان بڵاو ببێتەوە و سرووشتی ململانێی نێوان دەوڵەتەكان دەگۆڕێت.

وام وێناكرد بەكارھێنانی ئەو فڕۆكانە تایبەتمەند دەبێت بە تیرۆركردنی بە ئامانجكراو. ھنری سۆكۆلیسكی (بەڕێوەبەری جێبەجێكاری پەیمانگای ناوەندی فێربوونی قەدەغەكردنی بڵاوكردنەوەی ئەتۆمی) مەزندەی كردبوو ئەو فڕۆكانە بەكاربھێنرێن بۆ بەئامانجگرتنی ژێرخانی زیندوو وەك وێستگەكانی وزەی ئەتۆمی. تاكو ئێستا ھیچ لەو ھەڕەشانە بەڕاستی سەریان ھەڵنەداوە، بەڵام دیمەنە جیھانییەكە بەڕاستی گۆڕاوە بەھۆی فڕۆكە سەربازییەكانی بێفڕۆكەوان.

توركیا یاریزانی سەرەكی لە یاری فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكان

نووسەر دەڵێت: یاریزانی سەرەكی لەم پێشكەوتنە توركیایە لە سەردەمی حوكمڕانی رەجەب تەیب ئەردۆغان، ئەو وڵاتە توانی فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی درووستكراوی خۆماڵی پەرەی پێبدات و بەكاریھێنان لە ململانێكانیدا لە لیبیا، سووریا و شەڕی ناگۆڕنۆ قەرەباخ لە نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان و وێرانكاری زۆری درووستكرد، ھەروەھا لە شەڕیدا لەگەڵ پارتی كرێكارانی كوردستان(پەكەكە) بەكاریھێنان. بەم كردەوانە توركیا خۆی سەپاند وەك ناوەندگیڕێكی سەرەكی ناوچەكە بە توانایەكی گەورەتر لە رووسیا یان چین یان ویلایەتە یەكگرتووەكان لە كاریگەریكردنە سەر ئەنجامەكان.  

فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی توركیا، وەك فڕۆكەكانی "ئەنقەرە-ئێس" بە رێگای كۆمپانیای پیشەسازی فڕۆكەوانی توركیا (توساس) پەرەیانپێداران و فڕۆكەكانی "بەیرەقدار تی بی 2" بەڕێگای كۆمپانیای (پیشەسازییە بەرگرییەكان (بایكار ماكینا) پەرەیپێدرا كە خاوەنەكەی (سەلجوق بەیرەقدار)ە نەخشەداڕێژەری فڕۆكەكانە و خوێندنی خۆی لە پەیمانگای ماساچۆستس بۆ تەكنەلۆجیا تەواو كردووە و دەیویست دواتر ھاوسەرگیری لەگەڵ كچەكەی ئەردۆغان بكات.

ھاندەری درووستكردنی ئەو فڕۆكە بێفڕۆكەوانانە ئەو قەدەغە سەربازییە ئەمەریكاییە بوو كە لە ساڵی 1975وە لەسەر توركیا ھەیە و واشنتن فڕۆكە پێشكەوتووەكانی لە جۆری "بریداتۆر" و "ریبەر"ی پێ نەدەفرۆشت. توركیا فڕۆكەكانی "ھیرۆن" لە جۆری فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكان لە ئیسرائیل كڕی بوو، بەڵام بینی ئەو پەیوەندییەش كێشەی ھەیە. بەڵام درووستكردنی فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكان ئەوەندە ئەستەم نییە.  فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی توركیا گۆڕانی سەیری درووستكرد، فڕۆكەكانی لە جۆری تی بی 2 دەتوانێت بۆ ماوەی زیاتر لە 24 كاتژمێر لە ئاسمان بمێنێتەوە، ھەروەھا دەتوانێت لەھەمان كاتدا ئەركی چاودێری كردن و ھێرشكردن ئەنجام بدات.

توركیا دەچێتە نێو ململانێیەكانەوە بە فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكان خۆی چەكدار كردووە

راپۆرتەكە ئاماژە دەكات، كاریگەری ئەم چەكانە یەكەم جار لە دەرەوەی سنووری توركیا لە سووریا لە ئاداری 2020 بەدیاركەوت، كاتێك ئەنقەرە ھێرشی كردە سەر ھێزە زرێپۆشەكانی سووریایی كە بەرەو پارێزگای ئیدلبی سووریایی دەڕۆیشتن بە درێژایی سنووری توركیا، ئەوەش وه‌ڵامدانەوەی ھێرشی سووریا بوو بە پشتیوانی رووسیا، كە لە ئەنجامدا 36 سەربازی توركیا كوژران. گرتە ڤیدیۆییەكان بەدیاردەخەن فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكان زرێپۆشە سووریایییەكان یەك بەدوای یەكدا وێران دەكەن لەوانەش نزیكەی زیاتر لە 100 تانك و ئۆتۆمبێلە زرێپۆشەكانی گواستنەوەی سەربازان و سیستەمەكانی بەرگری ئاسمانی.

دوای ئەوە سووریا ھێرشەكەی راگرت و ئیدلب ئارام مایەوە وەك پەناگەیەك بۆ ئاوارەكان. لە مانگی ئایاری دواتر فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی توركیا ھێرشێكیان كردە سەر بنكەی ئاسمانی لە لیبیا، كە لە لایەن سوپای نیشتیمانی لیبیا بەسەركردایەتی خەلیفە حەفتەر بەكاردەھێنرا، ئەو كردەوەش كۆتایی بەھێرشی سوپای نیشتیمانی لیبیا ھێنا بۆ سەر تەرابلس. لە شەڕی ناگۆڕنۆ قەرەباغ لە ئەیلوولی رابردوو، فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی توركیا لەبەرژەوەندی ئازەربایجان چوونە ناو شەڕەكەوە و نزیكەی 200 تانك و 9 زرێپۆشی و 182 یەكەی تۆپھاوێژ وێرانكرد و ئەرمینیا ناچار بوو لە ناوچەكە پاشەكشەبكات، ئەم كارەش بووە جێگای شانازی نیشتیمانی لە توركیا.

نووسەر دەڵێت: وا دەردەكەوێت، بەكارھێنانی فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكان لە لایەن توركیاوە سرووشتی ھێزی وشكایی دەگۆڕێت، بە شێوازێك پەیكەرەكانی ھێزەكانی ئێستا لەبن دەبات، بەھەمان شێوەی كە كەشتییەكان "دریدنوت"ی پێشوو لەكارخران، یان وەك چۆن كەشتییە فڕۆكە ھەڵگرەكان كەشتییەكانی دیكەی دەریاییان لە سەرەتای شەڕی دووەمی جیھانییەوە سكراب كردن.

ھێزە چەكدارەكانی وشكایی لە جۆری ئەوەی دوو جار شكستی بە عێراق ھێنا لە ھەردوو شەڕی كەنداو لە ساڵی 1991 و 2003 پشتی بە تانكەكان بەستبوو، ئەوەی وایكردبوو تانكەكان ئەو گرنگییەیان ھەبێت ئەو راستییە بوو كە بۆ چەندین ساڵ باو بوو، كەوا تانك تەنھا تانكێكی وەك خۆی دەتوانێت وێرانی بكات.

یەكێك لەو راستیانەی كەم خەڵك لە شەڕی 1967 دەیزانن، ئەوه‌ بوو تەنھا دوو تانكی میسری لە ئاسمانەوە وێرانكران لە میانی ئەو گورزە ئاسمانییە گەورەیەی ئیسرائیل لەدەستپێكەوە ئەنجامیدا، چونكە زۆر قورس بوو ئامانجێكی بچووكی وەك تانك بەڕێگای فڕۆكەوە بپێكێنرێت و وێران بكرێت. لە ساڵانی دواتردا، تەقەمەنی بەوردی ئاراستەكراو بڵاوبوویەوە، كە وایكرد بە ئامانجكردنی تانكەكان ئاسانتر بێت، بەڵام ھێشتا پێویستیان بە سەكۆی گران بەھایە وەك فڕۆكەی ئەی 10 بۆ پشتیوانی ئاسمانی نزیك، ئەوەش پێویستی بە دابینكردنی بەرگرییە ئاسمانییەكانی گران بەھا كرد بۆ ئەوەی كاربكات دژ بە كەرستە پێشكەوتووەكانی بەرامبەر.

بەڵام فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكان ئەمڕۆ ئەو وێنەیان بە تەواوی گۆڕی، چونكە نرخی ھەرزانە و ئەستەمە بدۆڕێنرێت و ژیانی فڕۆكەوانەكان ناخاتە مەترسییەوە. ئێستا سوپاكانی جیھان لە ململانێ دان بۆ دۆزینەوەو رێگایەك بۆ بەرگریكردن لە خۆیان دژ بە فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكان، ھێشتا روونیش نییە، كێ لە پێشبڕكێی چەكداركردن بە فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكان و رێكارەكانی دژایەتیكردنیان سەركەوتوو دەبێت. بەڵام لەوانەیە شەڕی عێراق لە ساڵی 2003، دوا شەڕی گەورە بێت بە تانكەكان، كە جیھان بە خۆیەوە بینی بێت.

رۆژھەڵاتی ناوەڕاستی فرە جەمسەر

فۆكۆیاما پێوایە، فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكان كاری زۆری كرد لە پێناو بانگەشەكردن بەسەرخستنی توركیا وەك ھێزێكی ناوچەیی لە ساڵی 2020 و توركیا تا ئێستا توانی بەشێوەیەكی یەكلاییكەرەوە ئەنجامی سێ ململانی داڕێژێت و ئامادەكاریش دەكات بۆ ئەوەی لە رۆژانی داھاتوودا زیاتر بكات. وا پێدەچێت رۆژھەڵاتی ناوه‌ڕاست كە وا دەھاتە بەرچاو دوو جەمسەرە لە نێوان سووننە و شیعە بە سەركردایەتی ھەردوو نەیاری سەرەكی، سعوودیە و ئێران، بەڵام لە راستیدا رۆژھەڵاتی ناوەڕاست فرە جەمسەرە. توركیا بەشێوەیەكی بەردەوام لایەنگیری ھیچ لەو دوو لایەنەی نەكردووە، دژی ھێزە سوونییەكان -دەوڵەتانی كەنداو- بوو لە لیبیا و لایەنگیری رووسیای كرد لە كڕینی سیستەمی بەرگری ئاسمانی رووسیایی ئێس 400 لە میانی ھێرشكردنە سەر ھێزەكانی رووسیا لە سووریا و رەتیكردەوە ئامانجەكانی لەگەڵ واشنتن بگونجێنێت وێڕای بەردەوامبوونی لە ئەندامییەتی لە پەیمانی ناتۆدا. ھەروەھا فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی لە جۆری تی بی 2 فرۆشتە ئۆكرانیا، كە لەوانەی ببێتە مایەی چارەسەركردنی ململانێیەكە.

ئەمه‌ ھەندێك ئەنجامی باشی ھەبوون، دەستوەردانی توركیا لە سووریا رێگریی كرد لەوەی كار بگاتە جینۆساید دژ بەو پەنابەرانەی پەنایان برده‌ بەر پارێزگای ئیدلب. ئەگەر ئەسەد توانیبوایە ئیدلب بگەڕێنێتەوە، ئەوە دەبووە مایەی درووستبوونی تەنگژەیەكی گەورەی پەنابەران و لێكەوتەكانی دەگەیشتە ئەوروپا. روونیش نییە ئایا ئەگەر جەنەڕاڵ حەفتەر تەرابلوسی گرتبووایە جیھان باشتر دەبوو، دەستوەردانی توركیا لە ناگۆڕنۆ قەرەباخ بۆ ھۆی روودانی تەنگژەیەكی گەورەی پەنابەران بۆ ئەرمەن. سرووشتی فرە لایەنەی ململانێیەكانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست وا دەكات چارەسەرییەكان جێبەجێكردنیان ئەستەم بێت، ئەمەش یەكێكە لە ھۆكارەكانی بەردەوامبوونی شەڕی ناوخۆیی لە سووریا دوای 10 ساڵ لە داگیرسانی.

فۆكۆیاما لە كۆتاییدا دەڵێت: زۆر لە رەخنەگرانی ئەمەریكا لە سیاسەتی فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكان ھێشتا لە جیھانێكدا دەژین، كە تەنھا ویلایەتە یەكگرتووەكان و ئیسرائیل ئەو تەكنەلۆجیایەیان بەكاردەھێنا. بەڵام ئەمڕۆ ئەو جیھانە بەڕاستی نەماوە و بواری زۆر بەھێز رەخساوە بۆ جیھانێكی دیكە، كە تێیدا فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكان دەبێتە چەكی سەرەكی لە گۆڕەپانەكانی شەڕدا. كەسیش ناتوانێت وێنا بكات شێوەی ئەو جیھانە دوای 10 ساڵی داھاتوو چۆن ده‌بێت.