یونس مەحموود و دەیڤد بێکهام لە یارییەکی دۆستانەدا رووبەڕوو دەبنەوە

یونس مەحموود و دەیڤد بێکهام
یونس مەحموود و دەیڤد بێکهام

ئەستێرەکانی پێشووی هەڵبژاردەی عێراق و ئینگلتەرا لە یارییەکی دۆستانە بەیەک دەگەن، ئەگەری رووبەڕووبوونەوەی یونس مەحموود و دەیڤد بێکهام هەیە.

وەزارەتی وەرزش و لاوانی عێراق رایگەیاندووە، لەمیانی دیدادری عەدنان درجال وەزیری وەرزش و لاوانی عێراق لەگەڵ ستیفن هیکی باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق پێشنیاری ئەوە کراوە، ئەفسانەکانی عێراق و ئینگلتەرا یارییەکی دۆستانە بکەن بۆ ئەوەی نزیکبوونەوەیەکی زیاتر لە نێوان وەرزش و فەرهەنگی هەردوولا دروست بێت.

وەزارەتی وەرزش و لاوانی عێراق هیچ زانیارییەکی لەبارەی کات و شوێنی یارییەکە ئاشکرا نەکردووە، کە یونس مەحموود لە دیارترین ئەستێرەکانی پێشووی هەڵبژاردەی عێراقە کە لەگەڵ شێرەکانی رافیدەین ساڵی 2007 بووە پاڵەوانی جامی ئاسیا، دەیڤد بێکهامیش لە دیارترین ئەستێرەکانی پێشووی هەڵبژاردەی سێ شێرەکانە.

وەزارەتی وەرزش و لاوانی عێراق رایگەیاندووە، لە دیدارەکەی وەزیری وەرزش و لاوان و باڵیۆزی بەریتانیادا، باڵیۆزی بەریتانیا ئامادەیی خۆیانی بۆ پشتیوانی و یارمەتیدانی گەنجانی عێراق دووپاتکردووەتەوە.