مەسرور بارزانی: بە توندترین شێوە سەرکۆنەی هێرشە تیرۆریستییەکانی ئەمشەو دەكەم

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24- هەولێر:

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی بەهۆی هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی هەولێر بڵاوکردەوە.

مەسرور بارزانی لە پەیامەکەی بە تووندترین شێوە سەرکۆنە و ئیدانەی هێرشەکە دەکات و رایگەیاندووە: ''هێرشەکانی ئەم دواییە هەوڵێکی زۆر دیار و ئاشکران بۆ تێکدانی ئارامیی و ئاسایشی ئێمە و هەماهەنگیمان لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی''.

سەرۆکی حکومەت دڵنیایی دەداتە هاووڵاتیان و ئاماژەی بەوەداوە: ''خەڵکی هەرێمی کوردستان دڵنیا دەکەمەوە کە ئەندامانی گرووپی تیرۆریستی پشت ئەم هێرشەی ئەمشەو، باجی کردەوەکانیان دەدەن''.

دەقی پەیامەکە:

بە توندترین شێوە سەرکۆنە و ئیدانەی هێرشە تیرۆریستییەکەی ئەمشەوی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و بنکەی سەربازی تورکیا لە باشیک و ئەو گرووپە تیرۆریستییەی لە پشت ئەم کارەوەن دەکەم.

هێرشەکانی ئەم دواییە هەوڵێکی زۆر دیار و ئاشکران بۆ تێکدانی ئارامیی و ئاسایشی ئێمە و هەماهەنگیمان لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی.

هەر گرووپێکی چەکدار کە لە چوارچێوەی هێزە ئەمنییە فەرمییەکانی عێراقدا نەبێت، دەبێت دەستبەجێ لەسنووری هەرێمی کوردستان بکشێنەوە. لە ڕۆژانی داهاتوودا من لەگەڵ هاوبەشانمان لە عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گفتوگۆ لەسەر ڕێکارەکانی جێبەجێکردنی ئەم هەنگاوە دەکەم.

ئەمشەو لەگەڵ سەرۆک وەزیران و سەرۆکی پەرلەمان قسەم کرد، بۆ جەختکردنەوە و دووپاتکردنەوەی هەماهەنگیمان دەربارەی ئامانجی هاوبەشمان بۆ لێپرسینەوە لەو گرووپە نایاساییانە.

خەڵکی هەرێمی کوردستان دڵنیا دەکەمەوە کە ئەندامانی گرووپی تیرۆریستی پشت ئەم هێرشەی ئەمشەو، باجی کردەوەکانیان دەدەن.