لەبارەی ھێرشەكەی سەر فڕۆكەخانەی ھەولێر كازمی بڕیاریدا لێكۆڵینەوە بكرێت

K24 - ھەولێر
سەرۆك وەزیرانی عێراق بڕیاریایدا لیژنەیەکی لێكۆڵینەوە لە هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی هەولێر پێکبێنێت.
مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق. بڕیایدا بە پێکهێنانی لیژنەیەکی لێكۆڵینەوە لە هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی هەولێر و دووپاتیکردەوە، ئەم جۆرە كارانە تیرۆریستین و لەمانگی رەمەزاندا ئامانجیان شێواندنی ئاسایشە.
پێشتریش، مەسرور بارزانی سەرۆک حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەرێگەی پەیوەندی تەلەفونییەوە، لەگەڵ سەرۆک وەزیران و سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لەبارەی هێرشەکەوە قسەی کردووە.
شەوی رابردوو 14/4/2021، جارێكی دیكە ھێرشكرایە سەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر. لە راگەیەندراوێكدا وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد: "هێرشەکە بە رێگەی درۆنی TNT کراو بووە و ئاراستەی بنکەی هێزەکانی هاوپەیمانان کراوە لەناو فڕۆکەخانە، خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانی نییە و تەنیا زیانی ماددی بەر باڵاخانەیەک کەوتووە. لێکۆڵینەوەکانیش بەردەوامن بۆ دیاریکردنی سەرچاوە و شوێنی هاتنی درۆنەکە".