ئەمەریكا لە هێرشە تیرۆریستییەکەی سەر ھەرێمی كوردستان توڕەیە

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا: گەلی عێراق دەمێکە بەدەست ئەمجۆرە توندوتیژییە و پێشێلکردنی سەروەرییەکەی دەناڵێنێ
ئاڵای ئەمەریكا و كوردستان
ئاڵای ئەمەریكا و كوردستان

K24 - ھەولێر

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە هێرشە تیرۆریستییەکەی شەوی رابردوو بۆ سەر فڕۆکەخانەی هەولێری نێودەوڵەتی توڕەیە.

نێد پرایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە تویتەر نووسیویەتی: "هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستانی عێراق ئێمەی تووڕە کردووە".

پرایس ئاماژەی بەوەشكردووە: "گەلی عێراق دەمێکە بەدەست ئەمجۆرە توندوتیژییە و پێشێلکردنی سەروەرییەکەی دەناڵێنێ".

ئەمەش دوای ئەوەدێت شەوی رابردوو 14/4/2021، جارێكی دیكە ھێرشكرایە سەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر. لە راگەیەندراوێكدا وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد: "هێرشەکە بە رێگەی  درۆنی TNT کراو بووە و ئاراستەی بنکەی هێزەکانی هاوپەیمانان کراوە لەناو فڕۆکەخانە، خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانی نییە و تەنیا زیانی ماددی بەر باڵاخانەیەک کەوتووە. لێکۆڵینەوەکانیش بەردەوامن بۆ دیاریکردنی سەرچاوە و شوێنی هاتنی درۆنەکە".