پەرلەمانی كوردستان بە توندی سەرکۆنەی هێرشەكەی سەر فڕۆکەخانەی هەولێر دەکات

"ھێرشەكان ئەو راستیە دووپاتدەكەنەوە هەڕەشە و مەترسییەکان لەسەر قەوارەی هەرێمی کوردستان بەردەوامە"
پەرلەمانی كوردستان
پەرلەمانی كوردستان

K24 - ھەولێر

پەرلەمانی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا زۆر بە توندی سەرکۆنەی هێرشە تیرۆریستیەکی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر دەکات.

لە راگەیەندراوی پەرلەمانی كوردستان ھاتووە، لە ماوەی 7 مانگی رابردوودا سێیەم جارە ھێرش ئەو ھێرشانە بۆ سەر فڕۆكەخانەی ھەولێر دووبارە دەبنەوە، كە بووەتە مایەی نیگەرانی و توڕەیی گەلی كوردستان، "دەبێ گەلەكەمان و لایەنەكان تا پێکەوە رووبەڕووی سەرجەم ئاستەنگ و هەڕەشەکان ببینەوە".

دەقی راگەیەندراوەكە:..

پەرلەمانی كوردستان، زۆر بە توندی ئەو هێرشە تیرۆریستیە سەرکۆنە و مەحکوم دەکات کە لە رێگەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانەوە شەوی 14 ی 4ی 2021 کرایە سەر بنکەیەکی هێزەکانی هاوپەیمانان لە ناو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر.  ئەم هێرشە تیرۆریستیە کە بۆ جاری سێیەمە لە ماوەی 7 مانگی رابردوودا، پێشهاتێکی جێی نیگەرانی و توڕەیی گەلی کوردستانە و ئەو هێز و لایەنە تیرۆریستی و لە یاسادەرچووانەی لە پشت ئەنجامدانیەوەن، دەبێت لە زووترین کاتدا لە لایەن حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانان ئاشکرا بکرێن و میکانیزمێکی گونجاو بدۆزرێتەوە، بۆ دوورخستنەوەی سەرچاوەی ئەم هێرشە تیرۆریستیانە و هەوڵدانی جدی بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی لە ئایندەدا. لیژنە تایبەتەمەندەکانی پەرلەمان رادەسپێرین کە لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار لە پەیوەندی بەردەوامدابن بۆ بەدواداچوونی هەوڵەکانی ئاشکراکردنی ئەو لایەنە تیرۆریستییەی کە لە پشت ئەنجامدانی ئەو هێرشەوە بوون. ئەنجامدانی ئەم کردەوە تیرۆریستییە لە رۆژی 14 ی 4 کە 33 یەمین ساڵرۆژی کۆمەڵکوژی ئەنفالی گەلی کوردستانە، ئەو راستییە بۆ گەلەکەمان دووپاتدەکاتەوە ، کە هەڕەشە و مەترسییەکان لەسەر قەوارەی هەرێمی کوردستان و ئاشتی و سەقامگیری هەرێمی کوردستان بەردەوامە، دەبێت لە بەرامبەریشدا گەلەکەمان و لایەنەکان، یەکڕیزتر و تەباتربن تا پێکەوە رووبەڕووی سەرجەم ئاستەنگ و هەڕەشەکان ببینەوە. ئیرادەی گەلی كوردستان بۆ پیشکەوتن و پێکەوە ژیان  و سەقامگیری هەولێر پایتەختی هەرێمی کوردستان زۆر لەوە بەهێزترە بەم کردەوە تیرۆریستییە ترسنۆکانە لەق ببێت.

سەرۆکایەتی پەرلەمانی كوردستان

 15 ی 4 ی 2021