ئەمەریكا ھۆكاری كشانەوەی ھێزەكانی لە ئەفغانستان ئاشكرا دەكات

ھۆكارەكەی دابینكردنی كات و سەرچاوەكانە بۆ سەركردایەتی و بۆ سوپا تاكو بایەخ بە ئاڵنگارییەكانی سەدەی بیست و یەك بدەن، كە لە بنەڕەتدا پەیوەستن بەھەردوو زەریای ھیندی و ئارام
ھێزەكانی ئەمەریكا لە ئەفغانستان
ھێزەكانی ئەمەریكا لە ئەفغانستان

K24 – ھەولێر:

بەرپرسێكی باڵا لە ئیدارەی ئەمەریكا رایگەیاند، بڕیاری سەرۆكی ئەمەریكا، جۆ بایدن بە كشانەوەی ھێزەكانی وڵاتەكەی لە ئەفغانستان بۆ ئەوەیە سەرچاوەی زیاتر دابین بكات و تیشكیش بخاتە سەر رووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاڵنگاریانەی لە ناوچەكانی ھەردوو زەریایی ھیندی و ئارام ھەن.

گوتەبێژ بە ناوی كۆشكی سپی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا، جەختیكردەوە "یەكێك لەو ھۆكارانەی سەرۆكی ئەمەریكا و تیمكەی پاڵناوە بەرەو گرتنەبەری ئەو ھەنگاوە بەئاگایانە لە ئەفغانستان؛ دابینكردنی كات و سەرچاوەكانە بۆ سەركردایەتیمان و بۆ سوپا تاكو زیاتر بایەخ و تیشك بخەینە سەر ئەڵنگارییەكانی سەدەی بیست و یەك، كە لە بنەڕەتدا پەیوەستن بەھەردوو زەریای ھیندی و ئارام".

ئەم لێدوانە دوای ئەوە ھات، ئیدارەی نوێی ئەمەریكا لەم دواییەدا راگەیاند، لە یەكی ئایارەوە دەست بەكشانەوەی ھێزەكانی لە ئەفغانستان دەكات و لە 11ی ئەیلوولی داھاتوو كۆتایی بە كشانەوەكە دێت.

ئیدارەی ئەمەریكا گوتی: كشانەوەكە بە ھەماھەنگی تەواو دەبێت لەگەڵ ھاوپەیمان و ھاوبەشەكانمان.