(34) ساڵ بەسەر کیمیابارانکردنی گوندەکانی شێخ وەسان و بالیسان تێپەڕێت

به‌ركه‌وتووانی چه‌كی كیمیایی شێخ وه‌سان و بالیسان به‌ده‌ست برینه‌كانیانه‌وه‌ ده‌ناڵێنن

K24 - هه‌ولێر:

(34) ساڵ بەسەر کیمیابارانکردنی گوندەکانی شێخ وەسان و بالیسان له دۆڵی خۆشناوەتی تێپەڕی، کە بەهۆیەوە سەدان کەس لە ژن و منداڵ و پیر و گەنج شەهید بوون و سەدانی دیكه‌ بریندار بوون، کە تا ئەمڕۆش بە ئازاری برینەکانیان دەناڵێنن.

ساڵڕۆژی ئەو کارەساتە لەکاتێکدایه حکومەتی عێراق تا ئەمڕۆش هیچ قەرەبوویەکی ماددی و مەعنەوی کەسوکاری قوربانیانی نەکردووەتەوە.

کێلی هەندێ لە گۆڕەکان، ناوی سێ یان چوار کەسیان لەسەر نووسراوە، کەچی دوای (34) ساڵ هێشتا گۆڕ بزرن.

مەزاری شەهیدانی کیمیابارانی دۆڵی بالیسان و شێخ وەسان شاهیدی كاره‌ستاكه‌یه‌، (16)ی نیسانی ساڵی (1987) حکومەتی ئەوسای عێراق گازی کۆمەڵکوژی بەسەر گوندەکانی خۆشناوەتیدا باراند و سەدان کەسی شەهید و بریندار کرد.

عەلی عەزیز، بەرکەوتووه‌كی چەکی کیمیاییه‌، گوتی: "نزیكه‌ی (270) گۆڕی قوربانیانی كیمیاباران له‌و مه‌زاره‌ن، (650) برینیداری چه‌كی كیمیاویمان هه‌یه‌، له‌و ژماره‌یه‌ش نزیكه‌ی (80)یان به‌ برینه‌كانیانه‌وه‌ شه‌هید بوون".

عەلی عەزیز، لەو بۆردوماندا چەندین کەسی نزیکی شەهید بووە، ئەو نوێنەری کەسوکاری قوربانییەکانە و خۆیشی (34) ساڵە بەدەست برینەکانیەوە دەناڵێنێت، ئەو نموونەیەکی ئەو سەدان بریندارەیه، کە ساڵانێکە هیچ دەوایەك تیماری دەردی نەکردوون.

بۆردومانی شێخ وەسان و بالیسان، یەکەم ناوچەی باشووری کوردستان بوو، بەعس گازی کۆمەڵکوژی تێدا بەکارهێنا، دوای بۆردومانەکە پیاوانی رژێم بریندارەکانیان لەنەخۆشخانەکان بردە دەرەوە و لەشوێنی نادیار گوللەباران کران.

دوای راپەڕین، روفاتی بەشێک لە شەهیدەکان دۆزرانەوە و هێنرانەوە زێدی خۆیان، بەڵام هێشتا روفاتی زۆرینەی شەهیدانی بۆردومانی بالیسان و شێخ وەسان گۆڕ بزرن و چارەنووسیان نادیارە.

د.ی