ئاماده‌كاری بۆ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ ده‌كرێت

"دوای رووداوه‌كانی (16ی ئۆكتۆبه‌ر) هاوپه‌یمانیه‌تی له‌ناوچه‌ كوردستانییه‌كان‌ زیاتر به‌ گرنگ ده‌زانین"
ژماردنی ده‌نگه‌كانی هه‌ڵبژاردن، ئه‌رشیڤ
ژماردنی ده‌نگه‌كانی هه‌ڵبژاردن، ئه‌رشیڤ

K24 - هه‌ولێر:

بڕیارە (10)ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ، هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق ئەنجامبدرێت، ئەگەرچی هێشتا دیار نییە دۆخی سیاسی و ئەمنی عێراق رێگە بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەدات یان نا، بەڵام لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان و عێراقییەکان لە ئێستاوە دەستیانکردووە بە گفتوگۆکردن بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانێتی لە هەڵبژاردنەکە، بۆ کورد هاوپەیمانی لە ناوچە کوردستانییەکان گرنگترینە.

سەرەتای گفتوگۆکانی نێوان لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و عێراق بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانی لە هەڵبژاردنی پێشوەختە دەستیپێکردووە، بۆ کورد ئەوەی گرنگە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم‌، بەیەکەوە بەشداری هەڵبژاردنەکە بکەن.

هێمن ئەسکەندەر، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەکگرتووی ئیسلامی كوردستان گوتی: "هه‌ر چه‌نده‌ هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ئاماده‌ییان بۆ هاوپه‌یمانیه‌تی هه‌یه‌، به‌ڵام كه‌ دێته‌ سه‌ر ورده‌كاری، جۆرێك له‌ به‌رژه‌وه‌ندی و گرژی درووست ده‌بێت، ئێمه‌ ئاماده‌ییمان بۆ هاوپه‌یمانییه‌تی فراوان هه‌یه‌ له‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم هه‌یه‌، به‌تایبه‌ت دوای رووداوه‌كانی (16ی ئۆكتۆبه‌ر) ئه‌و هاوپه‌یمانیه‌تییه‌ زیاتر به‌ گرنگ ده‌زانین".

جیا لە ناوچە کوردستانییەکان ئەوەی دەمێنتەوە درووستکردنی هاوپەیمانێتی لایەنە سیاسییە کوردییەکانە لەگەڵ لایەنە سیاسییە عێراقییەکان بەشێوەیەکی گشتی، بۆ ئەمە عەبدولسەلام بەرواری، چاودێری سیاسی مەترسی خۆی ناشارێتەوە لە پەرتبوونی لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان، ئەگەر بەسەر چەند هاوپەیمانیێکدا دابەش ببن، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، ئه‌گه‌ر هه‌موو كورد به‌ یه‌ك لیست به‌شداری هه‌ڵبژاردن بكات، نزیكه‌ی (60) كورسی به‌ده‌ست ده‌هێنین و گه‌وره‌ترین كوتله‌ی په‌رله‌مانی پێكده‌هێنین.

بڕیار وایە (10)ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ، هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق ئەنجامبدرێت، بەڵام هێشتا دیار نییە دۆخی سیاسی و ئەمنی عێراق رێگە بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەدات یان نا، هەندێک لایەنی سیاسی عێراقیش رەشبینن بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکە لە وادەی خۆیدا.

د.ی