"باجی دیکە ناخرێتە سەر مووچەی فەرمانبەران"

وەزارەتی دارایی عێراق: كاردەكەین بۆ جێبەجێكردنی سەرجەم بڕیار و بڕگەکانی یاسای بودجە
مووچە
مووچە

K24 - ھەولێر

سەرچاوەیەکی حکومەتی عێراق رەتیکردەوە، هیچ بڕیارێک بۆ زیادکردنی باجی دیکە لەسەر مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان درابێت.

ئەو سەرچاوەیە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقییە ئاشکرای كرد، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە چەندین بۆنە ئاماژەی بەوەداوە، کە زۆر گرنگە بایەخ بە داهاتی چینی هەژار بدرێت و لە هەر لێکەوتە و هەڵگەڕانەوەیەک بپارێزرێن.

ئەم دڵنیاکردنەوە لە کاتێکدایە، وەزارەتی دارایی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردبووەوە، کار دەکەن بۆ جێبەجێکردنی سەرجەم بڕیار و بڕگەکانی یاسای بودجەی 2021 کە لە لایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە دەنگی لەسەردرا.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەو نووسراوەی واژۆی عەلی عەلاوی وەزیری دارایی عێراقی لەسەرە و باس لە باجی سەر مووچە دەکات، پشتی بە ماددەی 34 بڕگەی (ج)ی یاسای بودجەی 2021 بەستووە، کە تێیدا هاتووە سەرجەم بەخشین و تایبەتمەندییە گومرگی و باجەکان هەڵبوەشێندرێنەوە.

ئەو نووسراوەی وەزارەتی داراییش لە لایەن پەرلەمانەوە بە توندی رەتکرایەوە، لەو بارەوە د. بەشیر حەداد جێگری سەرۆکی پەرلەمان رایگەیاند، پێشنیازی وەزارەتی دارایی بۆ سەپاندنی باج لەسەر مووچە پێچەوانەی بڕگەکانی یاسای بودجەیە.

هەروەها هەیسەم جبووری سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمان رایگەیاند، بەکارهێنانی ماددەی 34 لەلایەن وەزارەتی دارایی ورد و هیچ مافێکی یاسایی نییە، چونکە باس لە هەڵوەشاندنەوەی بەخشینی گومرگی باج دەکات، کە پەیوەستە بە هاوردەکردنی کاڵا و شتومەک، کە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە بەخشراون، بە هیچ شێوەیەک پەیوەندی بە باجی  سەر تاک و مووچەی فەرمانبەرانەوە نییە.

هەروەها ماجیدە تەمیمی ئەندامی لیژنەی دارایی ئاماژەی بەوەداوە، ئەو بڕیارە جگە لە رەنگدانەوەی سەرلێشێواوی بەڕێوەبردنی دەوڵەت و نا هەماهەنگی نێوان هەردوو سیاسەتی دارایی نەختینەییەوە گوزارشت لە هیچی دیکە ناکات، داواشی لە وەزیری دارایی کرد، لەو بڕیارەی پاشگەز بێتەوە، ئەگینا ناچار دەبن لە ئایندەیەکی نزیکدا بانگهێشتی پەرلەمانی بکەن.