ئێران: ناسنامه‌ی ئه‌و كه‌سه‌مان ئاشكرا كرد كه له هێرشه‌كه‌ی سه‌ر دامه‌زراوه‌ی نه‌ته‌نز تێوه‌گلاوه
K24- هه‌ولێر:
ته‌له‌ڤزیۆنی فه‌رمی ئێرانی بڵاویكرده‌وه، ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌و وڵاته توانیویانه ناسنامه‌ی ئه‌و كه‌سه ئاشكرا بكه‌ن، كه له هێرشه سیبرانییه‌كه‌ی سه‌ر دامه‌زراوه‌ی نه‌ته‌نزی ئه‌تۆمیی ئه‌و وڵاته تێوه‌گلاوه.
كه‌ناڵی ته‌له‌ڤزیۆنی فه‌رمیی كۆماری ئیسلامی بڵاویكرده‌وه، "ناسنامه‌ی هێرشبه‌ره‌كه‌ی سه‌ر دامه‌زراوه‌ی ئه‌تۆمیی نه‌ته‌نز ئاشكرا كراوه و ناوی ره‌زا كه‌ریمییه".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "به‌ر له ئه‌نجامدانی هێرشه‌كه‌ی سه‌ر دامه‌زراوه ئه‌تۆمییه‌كه، كه‌ریمی ئێرانی جێهێشتووه".
ئاشكراشیكرد، "رێكاره یاسایی و پێویسته‌كان بۆ ده‌ستگیركردن و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی كه‌ریمی بۆ ئێران ده‌ستیانپێكردووه"، ئه‌و كه‌ناڵه ته‌له‌ڤزیۆنییه گرته‌یه‌كی ڤیدیۆییشی له پێگه‌ی تایبه‌تی خۆی له تۆڕی تویته‌ر بڵاوكردووه‌ته‌وه و تێیدا وێنه‌ی ره‌زا كه‌ریمی نیشان ده‌درێت.
جێگای ئاماژه‌یه، دوای ئه‌و هێرشه سیبرانیه‌ی به‌ر له چه‌ند رۆژێك كرایه سه‌ر دامه‌زراوه‌ی ئه‌تۆمی نه‌ته‌نز له ئێران، كه تاران په‌نجه‌ی تۆمه‌تی ئه‌نجامدانی ئه‌و هێرشه‌ی بۆ ئیسرائیل درێژكرد، هه‌فته‌ی رابردوو كۆماری ئیسلامی رایگه‌یاند، ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆمیان له‌و دامه‌زراوه‌یه بۆ رێژه‌ی 60% به‌رز كردووه‌ته‌وه.
دوای هێرشه‌كه‌ش، چه‌ند میدیایه‌كی ئیسرائیلی له‌سه‌ر زاری چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ك كه ئاماژه به‌ناویان نه‌كراوه، بڵاویانكرده‌وه، ده‌زگای هه‌واڵگری ئیسرائیل "موساد" له‌پشت هێرشه‌كه‌ی سه‌ر دامه‌زراوه‌ی نه‌ته‌نز بوو، به‌بێ ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن هیچ لایه‌نێكی فه‌رمیی ئیسرائیله‌وه به‌رپرسیارێتی ئه‌و هێرشه پشتڕاست بكرێته‌وه.
H.B
🎥 انتشار تصویر عامل خرابکاری اخیر در #نطنز
— خبرگزاری تسنیم 🇮🇷 (@Tasnimnews_Fa) April 17, 2021
رضا کریمی عامل این خرابکاری توسط سربازان گمنام امام زمان (عج) شناسایی شده؛ او قبل از حادثه به خارج از کشور گریخته است
اقدامات لازم برای دستگیری و بازگرداندن وی به کشور از مسیرهای قانونی در حال پی‌گیری است pic.twitter.com/s8XnEtJ5pN