كۆنترۆڵی كارەبای هەرێم هاووڵاتیان ئاگادار ده‌كاته‌وه‌

بۆ ماوه‌ی (12) كاتژمێر بەرهەمهێنانی غاز رادەگیرێت و كاره‌با كه‌م ده‌بێته‌وه‌
كێڵگه‌یه‌كی به‌رهه‌مهێنانی غاز
كێڵگه‌یه‌كی به‌رهه‌مهێنانی غاز

K24 - هه‌ولێر:

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كۆنترۆڵی كاره‌بای هه‌رێم له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاشكرای كرد، به‌یانی (18ی نیسان/ ئه‌پرێلی 2021)، بۆ ماوه‌ی (12) كاتژمێر به‌رهه‌مێنانی غاز راده‌گیرێت، به‌ مه‌به‌ستی زیادكردنی توانای بەرهەمهێنانی غازی سروشتی لە كێڵگەكانی كۆرمۆر.

له‌ راگه‌یندراوه‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌ كراوه‌، له‌ كاتژمێر (4)ی به‌یانی رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ تا كاتژمێر (4)ی ئێواره‌ی هه‌مان رۆژ، به‌ سه‌رپه‌رستی وه‌زاره‌تی سامانه‌ سرووشتییه‌كان كار له‌سه‌ر كێڵگەی كۆرمۆر ده‌كرێت، لەو ماوەیەدا هەناردەكردنی بڕە غازی پێویست بۆ وێستگەكانی بەرهەهێنان رادەوەستێت و بەرهەمهێنانی كارەبا كەم دەبێتەوە.

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌:

بۆ زیادكردنی توانای بەرهەمهێنانی غازی سروشتی لە كێڵگەكانی كۆرمۆر بۆ ماوەی (12) كاتژمێر بەرهەمهێنانی غاز رادەگیرێت، بۆیه‌ هاوبەشانی كارەبا ئاگادار دەكەینەوە، كە رێكەوتی 18/4/2021 لەكاتژمێر (4)ی بەیانی یەوە تاوەكو كاتژمێر (4)ی ئێوارە كۆمپانیای داناغاز بە سەرپەرشتی وەزارەتی سامانە سرووشتیەكان هەڵدەستێت بەئیشوكاری چاكسازیی لەكێڵگەی كۆرمۆر بۆ زیادكردنی بەرهەمهێنانی غازی سرووشتی و خۆئامادەكردن بۆ وەرزی هاوین، لەو ماوەیەدا هەناردەكردنی بڕە غازی پێویست بۆ وێستگەكانی بەرهەهێنان رادەوەستێت و بەرهەمهێنانی كارەبا كەم دەبێتەوە، تیمەكانی كۆنترۆڵی كارەبا و بەهەماهەنگی لەگەڵ وێستگەكانی گۆڕین كار بۆ ئەوە دەكەن لەو (12) كاتژمێرەدا كەمترین كاریگەریی لەسەر ماوەكانی پێدانی كارەبا بە هاووڵاتیان هەبێت.

كۆنترۆڵی كارەبای هەرێم

17/4/2021