وڵاتانی زلهێز و كۆمكاری عه‌ره‌بی پشتیوانی له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن

داوا دەکرێت پێشمەرگە بگەڕێندرێنه‌وه‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم
پشتیوانییه‌ دیپلۆماسییەکانی هەرێمی کوردستان زیاتر دەبن
پشتیوانییه‌ دیپلۆماسییەکانی هەرێمی کوردستان زیاتر دەبن

K24 - هه‌ولێر:

شارەزایانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان رایدەگەیەنن، راگەیەنراوە هاوبەشەکەی (5) وڵاتی زلهێز و هەڵوێستی کۆمکاری عەرەبی و بەشێکی دیکەی وڵاتان پاڵپشتیەکی بەهێزە بۆ هەرێمی کوردستان و لە داهاتووشدا بەرهەمی ئەو پاڵپشتیانە دەردەکەون، دەشڵێن پێوستە ئەو وڵاتانە کار بکەن بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە کوردستانییەکان و پڕکردنەوەی ئەم بۆشاییە و ئەوان ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كه‌ن، ئەو راگەیەنراوە هاوبەشە دەرخەری ئەوەیە هەرێمی کوردستان سیاسەته‌کەی حەکیمانەیە.

راگەیەندراوە هاوبەشەكەی  وڵاتانی ئەمه‌ریكا، بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا و ئیتاڵیا، كە لە دژی هێرشەكەی شەوی چوارشەممەی سەر هەولێر بڵاویان كردەوە، پێگەی بەهێزی هەرێمی کوردستان لە ئاستی نێودەوڵەتی و ناوچەکە پیشان دەدات و هێندەی دیکەش قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستان بەهێز دەکات، پسپۆڕێکی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان ئاشکرا كرد، لە داهاتوودا بەرهەمی ئەم پاڵپشتیە نێودەوڵەتییە دەردەکەون و ئەمەش دەری دەخات سیاسەتی هەرێمی کوردستان راست و حەکیمانەیە.

سامان سۆرانی، پسپۆڕی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان گوتی : "هاوپه‌یمانان شه‌ڕی دژه‌ به‌ تیرۆر ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پشتیوانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن، له‌ چوارچێوه‌ی وڵاتانی عه‌ره‌بی و به‌تایبه‌تیش كۆمكاری عه‌ره‌بی پشتیوانی خۆی بۆ هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕیوه‌، ئه‌م هه‌ڵوێستانه‌ نیشانی ده‌ده‌ن كه‌ له‌سه‌ر رێڕه‌وێكی زۆر راسته‌ و ئه‌و سیاسته‌ی ئه‌نجامی ده‌دات سیاسه‌تێكی حه‌كیمانه‌یه‌".

سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە هەڵوێستی دۆست و هاوبەشانی عێراق و هەرێمی کوردستان کرد، کە بە کۆی دەنگ سەرکۆنەی هێرشی ئەم دواییەی هەولێریان کرد، حكومەتی هەرێمی كوردستان ئامانجێکی هاوبەشی هەیە، کە پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشی هەموو خەڵکی عێراق و سەرکەوتنە لە شەڕی دژ بە داعش، سەرسام خەلیل، پسپۆڕی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان پێیوایە دەبێت هاوپەیمانی شەڕی داعش کار بکات بۆ کۆتایی هاتنی ئەم جۆرە هێرشانە، ئەویش بە گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ ناوچە کوردستانییەکان.

بەهۆی هێرشی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو، کە کۆگایەکی هێزەکانی هاوپەیمانان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر زیانی بەرکەوت، کاردانەوەی توندی بەدوای خۆیدا هێنا، دوایینیان راگەیەندراوی هاوبەشی (5) وڵاتە زلهێزەکە بوو، کە جەختیان کردەوە پێکەوە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان کار دەکەین، تاوەکو پشتگیریی لە بەدواداچوونەکان بکەین و دڵنیابینەوە لەوەی ئەوانەی لە پشت هێرشەکەوەن، سزا بدرێن. دەشڵێن ئێمە هاودەنگین لەسەر ئەوەی، هێرشکردنە سەر سەرباز و یەکەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان قبوڵ ناکرێت و هه‌وڵ و خۆتەرخانکردنمان بۆ جەنگی دژ بە داعش دووپات دەکەینەوە.

د.ی