خەڵكی رۆژھەڵاتی كوردستان بەھۆی وشكەساڵی نوێژەبارانە دەكەن

وشكەساڵی ھەڕەشە لە رۆژھەڵاتی كوردستان دەكات

K24 - هه‌ولێر:

ئەمساڵ وشكەساڵی ھەڕەشە لە رۆژھەڵاتی كوردستان دەكات، بەراورد بە ساڵی رابردوو تاكو ئێستا رێژەی باران بارین زیاتر لە (30%) كەمتر بووە، ئەوەش ھاووڵاتیانی نیگەران كردووە، ئێستا ھاووڵاتیانی گوندەكانی دەورووبەری مەریوان كۆبوونەتەوە و نوێژەبارانە دەكەن و نزا دەكەن كە باران ببارێت، بۆ ئەوەی لە دۆخە دەربازیان بێت.

ئەوانەی خەڵكی گوندەكانی دەورووبەری مەریوانی رۆژھەڵاتی كوردستانن، ھاتوون نوێژ و نزا بكەن، بۆ ئەوەی باران ببارێت، كە ئەمساڵ نە بەفریان بینیووە و نە باران، ھەربۆیە لە ئێستاوە ترسی ئەوەیان ھەیە، كە تووشی وشكەساڵی بن، چونكە بەشێك لەو كانیانەی ساڵانی رابردوو ئاوێكی زۆریان ھەبوو، ئەمساڵ لە ئێستاوە وشكبوونە، ھەر بۆیە ھاتوون نوێژە بارانە بكەن، بۆ ئەوەی باران ببارێت.

ئەمساڵ لە ھەموو رۆژھەڵاتی كوردستان مەترسی وشكەساڵی ھەیە، بەپێی كەشناسی پارێزگاكان ئەمساڵ رێژەی باران بارین لانیكەم (30%) لە ساڵی رابردوو كەمتر بووە، "عەلی پەناھی" بەڕێوەبەری كەشناسی پارێزگای سنە ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، ساڵی رابردوو (398) میلیمەتر باران باریوە، بەڵام ئەمساڵ تاكو ئێستا (282) میلیمەتر باریوە، كە ئەوەش لە ئێستاوە ھاووڵاتیان و بەتایبەت گوندنشینەكانی نیگەران كردووە.

لە زۆربەی ناوچەكانی رۆژھەڵاتی كوردستان دۆخی بێ بارانی و كەم ئاوی لەبەرچاو نەگیراوە و ژمارەی بەنداوەكان زۆر كەمن، ئەمساڵ ئاوی ژێر زەویش لە كەمیداوە، ھەربۆیە ھاووڵاتیان نایشارنەوە، كە ھاوینێكی گەرم و كەم ئاویان دەبێت، زەرەرمەندی یەكەمیش جوتیاران و ئاژەڵدارەكان دەبن.

د.ی