ئاژانسی وزه‌ی ئه‌تۆمی جیهان پیتاندنی یۆرانیۆم له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه بۆ له‌سه‌دا 60 پشتڕاست ده‌كاته‌وه
K24- هه‌ولێر:
ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تی وزه‌ی ئه‌تۆمیی سه‌ر به نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان رایگه‌یاند، ئێران له دامه‌زراوه‌ی ئه‌تۆمی نه‌ته‌نز ده‌ستی به پیتاندنی یۆرانیۆم به رێژه‌ی 60% كردووه و گوتی: ئه‌وان له لێدوانی به‌رپرسانی ئێران له‌وباره‌یه‌وه دڵنیا بوونه‌ته‌وه.
ئاژانسه‌كه روونیشی كرده‌وه، به‌گوته‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران، ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم گه‌یشتووه‌ته 55.3% و ئاژانسه‌كه‌یان سامپڵێكی بۆ لێكۆڵینه‌وه وه‌رگرتووه و ده‌ركه‌وتووه كه ئه‌م هه‌واڵه راسته.
دوێنێ هه‌ینی، عه‌لی ئه‌كبه‌ر ساڵحی، سه‌رۆكی رێكخراوی وزه‌ی ئه‌تۆمی ئێران رایگه‌یاند، دوای چه‌ند رۆژێك له هێرشه سیبرانییه‌كه‌ی سه‌ر دامه‌زراوه‌ی ئه‌تۆمی نه‌ته‌نز، وڵاته‌كه‌ی له‌و دامه‌زراوه‌یه ده‌ستی به پیتاندنی یۆرانیۆم به رێژه‌ی 60% كردووه.
هه‌روه‌ك محه‌مه‌د باقر قالیباف، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كۆماری ئیلام‌یش ئاشكرایكردبوو، زانایانی ئێران توانیویانه ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ رێژه‌ی 60% به‌رز بكه‌نه‌وه.
رۆژی پێنجشه‌ممه‌ی رابردووش حه‌سه‌ن رۆحانی، سه‌رۆك كۆماری ئێران جه‌ختی كردبووه‌وه، ئه‌گه‌ر سزاكانی سه‌ر ئێران هه‌ڵگیران، ئه‌وا ده‌ست له پیتاندنی یۆرانیۆم به رێژه‌كانی 20% و 60% هه‌ڵده‌گرن. ئاماژه‌ی به‌وه‌شدابوو، ئه‌گه‌ر واشنتن گه‌ڕایه‌وه بۆ رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی، كه ئیداره‌ی پێشووی ئه‌مه‌ریكا به سه‌رۆكایه‌تی دۆناڵد تره‌مپ كشانه‌وه‌ی خۆی له‌و رێككه‌وتنه راگه‌یاندبوو، ئه‌وا رێژه‌ی پیتاندنی یۆرانیۆم له ئێران سنووری 3.67% تێپه‌ڕ ناكات.
سه‌رچاوه: ئاژانسه‌كان
H.B