تەندروستی جیهانی هۆشداری دەدات

"کۆرۆنا بەشێوەیەکی زیرەکان بڵاودەبێتەوە"
كۆرۆنا
كۆرۆنا

K24 – ھەولێر

گەورە زانایەكی رێکخراوی تەندروستی جیهانی ئاشكرای دەكات، ھەموو جۆرە جۆرە ڤاكسینەكان دەتوانن رێگری لە ڤایرۆسی كۆرۆنا بكەن، بەڵام ھێشتا پێویستە خۆپارێزی بكرێت، چونكە كۆرۆنا بەشێوەیەكی زیرەكانە بڵاودەبێتەوە و ھێشتا بەرگری گشتی دروست نەبووە.

سومیا سوامیناسان، یەکێک لە گەورە زانایانی رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند دوای لێکۆڵینەوەکان بۆیان دەرکەوتووە تەواوی ڤاکسینەکان دەتوانن رێگری لە تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بە شێوەیەکی توند بکەن، بەڵام ڤایرۆسی کۆرۆنا لە بۆنە و کۆبوونەوەکان بەشێوەیەکی زۆر زیرەکانە بڵاودەبێتەوە و دەبێت هاووڵاتییان لە تەواوی جیهان پابەندی رێکارەکانی خۆپارێزی بن.

ئەو زانایەی رێکخراوی تەندروستی جیهانی دەشڵێ ئێستا کاتی هەڵگرتنی رێکارەکانی خۆپارێزی نییە، چونکە هێشتا ڤاکسین بە زۆرینەی وڵاتانی جیهان نەگەیشتووە و بەرگری گشتیش لەبەرامبەر ڤایرۆسی کۆرۆنا دروست نەبووە.