مەزارگەی نەبی یونس ئەم رەمەزانەش بە چۆڵەوانی بەڕێدەكات

یەكێكە شوێنە ئایینی و گەشتیارییەكان داعش تەقاندیەوە
kurdistan24.net

K24 - مووسڵ

مەزارگەی نەبی یونس یەکێكە لە شوێنە ئایینی و شوێنەوارەكانی شاری مووسڵ، کە داعش لە سەردەمی حوکمڕانییدا تەقاندیەوە و تائێستا مەزارگەکە نۆژەن نەکراوەتەوە. هاووڵاتییان داوا دەکەن پەلە بکرێت لە نۆژەنکردنەوە، قایمقامی مووسڵ دەڵێت ئەوان ویستیان نۆژەنی بکەنەوە، بەڵام وەقفی سوننی نۆژەنکردنەوەی ئەو مەزارگەیەی لە ئەستۆ گرت و تا ئێستاش هەنگاوی بۆ نۆژەنکردنەوەی نەناوە.

عەبدولكه‌ریم زه‌نوون، یەكێكە لە نووسەرە دیارەكانی مووسڵ بە كوردستان24ی گوت: "نەبی یونس شوێنێكی ئایینی و گەشتاریشە، پێش داعش خەڵكی لە پارێزگاكانی دیكە سەردانیان دەكرد، بەڵام داعش وێرانی كرد، دوای داعشیش تائێستا بەمشێوەیە ماوەتەوە، زۆر بەڵێن دراون بۆ چاككردنەوە، بەڵام تائێستا ھیچ جێبەجێ نەكراوە".

ھاووڵاتییەكی دیكەی دانیشتووی مووسڵ بەناوی كەرار ساجد دەڵێ: "ماوەی چوار ساڵە نەبی یونس وێران كراوە، ھیچ گۆڕانكاریەكی بەسەردا نەھاتووە، ھەر شاند دێن و دەڕۆن، بێ خاوەنە و تەنانەت كارمەندانی شارەوانیش بۆ پاككردنەوە نایەنە نەبی یونس".

زوهێر ئه‌لئه‌عره‌جى، قایمقامی مووسڵ بە كوردستان24ی راگەیاند: "حكومەتی خۆجێی مووسڵ بە فەرمی نووسراوێكی ئاراستەی وەقفی سونی كردووە، بۆ ئاوەدانكردنەوەی نەبی یونس، ئەوكاتە ھەندێك كەس دەیانویست نۆژەنی بكەنەوە، بەڵام وەقفی سونی رەتیكردەوە و چاككردنەوەیان خستە ئەستۆخۆ و تائێستاش چاك نەكراوەتەوە، لە راستیدا جێگەی شەرمەزارییە نەبی یونس نۆژەن نەكراوەتەوە".

مێژووی مەزارگەی نەبی یونس دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 138 كۆچی، لە 24/7/2014 داعش مەزارگەكەی تەقاندەوە و ساڵی 2017 نەبی یونس لە دەستی داعش رزگاركرا.