مه‌سرور بارزانی لە چی بردیەوە؟

Kurd24

رێکكەوتنی هەولێر و بەغدا له‌بارەی پڕۆژەیاسای بودجە، بۆ خەڵکی کوردستان و قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان بەلایەنی کەم لە دوو لایەنی زۆر گرنگ، کە هەردووکیان بە دەسکەوت و سەرکەوتن بۆ حکومەتی کوردستان و شاندی دانووستانکاری و لە سەرووی هەردووکیشیانەوە سەرۆکی حکومەت هەژمار دەکرێن.

یەکەمیان، چەمک و گوتاری رادەستکردن و خۆڕادەستکردنیان پوچ کردەوە، کە ببووە گوتاری زاڵی ژمارەیەک پەرلەمانتار و بەرپرسی کورد لە بەغدا، کە لە کوردستانیش ژمارەیەک سیاسی بڕیاربەدەست و هەندێک بزاڤی سیاسی پاڵپشتیان دەکردن و کاریان بۆ سەرخستنی ئەو گوتارە دەکرد، کە ئەگەر بە هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان تەواو نەبووایە، ئەوە ئەوەندە بێهێز دەبوو، کە خۆزگە بە هەڵوەشاندنەوەی بخوازرێت، بەڵام پێداگری و مکوڕی کەسیی "مەسرور بارزانی" سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لەسەر ئەوەی کە هەولێر کار بۆ رێکكەوتن دەکات، نەک خۆڕادەستکردن، هاوکێشەکەی پێچەوانە کردەوه‌.

دووەم، پرسی دەرهێنان و فرۆشتنی نەوت بەشێوەیەک لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان کەوتە قۆناغێکی نوێ و گرنگ، کە وەک کارتێک لە دژی هەرێمی کوردستان لە دەستی نەیارانی ناوخۆیی و دەرەکی دەرهێنرا لەوەی وەک بابەتێکی چەواشەکاری بەکاربهێنرێت و چیتر وەک سەرچاوەی نەهامەتییەکان تەماشا نەکرێت، وەک ئەوەی هەوڵی بۆ دەدرا.

هەروەها ئەو راستەقینەیە جارێکی دیکە بۆ کۆمەڵی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی و ناوخۆیش نیشاندرا، کە هەرێمی کوردستان لایەنی چارەسەرە نەک گرفت درووستکەر، ئەوەشی کرد کە هێزە توندڕەوەکان بە تایبەتی شیعە لە عینادی سیاسیی خۆی بێتە خوارێ و مل بۆ هێزی مەنتق بدا.