کەشتی ئێرانی بە پاسەوانی رووسیا کاڵا بۆ سووریا دەگوازێتەوە

ژوورێکی ئۆپەڕاسیۆنی هاوبەش بۆ گواستنەوەی نەوت بۆ سووریا پێکهێندراوە
كەشتی
كەشتی

K24 - ھەولێر

چەند سەرچاوەیەکی تایبەت بە ئاژانسی سپۆتنیکی رووسی ئاشکرایان کردووە، ژوورێکی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لە نێوان (رووسیا، ئێران و سووریا) پێکهاتووە، کە ئامانج لێی گەرەنتی کردنی ئاسایش و سەقامگیری گواستنەوەی نەوت و گەنم و بەشێک لە کاڵای دیکەیە بۆ بەندەرەکانی سووریا لە دەریای ناوەڕاست.

ئاماژەیان بەوەشداوە "بە ئامانجی شکاندنی گەمارۆ خنکێنەرەکانی ئەمەریکا و ئەوروپا کە بەسەر سووریادا سەپێندراون، چەندین کۆبوونەوەی چڕ لە ماوەی رابردوودا ئەنجامدراون، هەریەکە لە نوێنەرانی سووریا و ئێران و سووریا بەشداریان کردووە".

سەرچاوەكان روونیان کردووەتەوە، کاری ژووری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکە دڵنیایی بووە لە هەماهەنگی نێوانیان، بۆ ئەوەی گەرەنتی لە پێویستییەکانی نەوتی سووریا دابین بکرێت و بێ کێشە لە بەندەرەکانی سووریا لەنگەر بگرێت. بە تایبەت دوای ئەوەی قەیرانی دابینکردنی سووتەمەنی لە سووریا سەری هەڵدا کە چەندین ساڵە لە مێژووی وڵاتەکە هاوشێوەی نەبووە.

ئەو سەرچاوەنە باسیان لەوەكردووە "هۆکاری سەرەکی ئەو قەیرانانەش، دزینی سەرچاوە سرووشتییەکانی سووریایە لە لایەن ئەمەریکاوە لە کێڵگە نەوتییەکانی رۆژهەڵاتی سووریا، و هەروەها ئەو ناوچانەی لە ژێر دەسەڵاتی رێکخراوی (جەبەهەتولنوسرە) دان لە ئیدلیب و میلیشیا تورکمانییەکان لە باکووری وڵاتەکە، کە بەشێکی زۆری بە قاچاغ دەهێندرێنە عێراق".

ئەو سەرچاوانە ئەوەشیان خستووەتەڕوو "ژووری ئۆپەراسیۆنەکە چەندین رێوشوێن دەگرێتە بەر، وەک پاسەوانی کردنی کەشتییە نەوتییە ئێرانییەکان لە لایەن کەشتی جەنگی رووسیاوە کە بەرەو سووریا ئاراستەیان گرتووە، بە تایبەت دوای ئەوەی لە نۆکەندی سوێس دەرچوون لە دەریای سپی ناوەڕاستدا کەشتییە رووسیەکان یاوەریان دەکەن. ئامانجیش لێی پاراستنیانە لە هەر هێرش و تاڵانییەک".

لەبارەی پرۆسەکەوە، ئەو سەرچاوانە دەڵێن "هەناردەکردنی نەوتی خاو لە رێگەی بارهەڵگری ئێرانییەوە بۆ سووریا بەردەوام دەبێت، بە جۆرێک ژمارەیەک کەشتی بە یەک جار بەرەو سووریا بەڕێ دەکەن. لە دەریاوە کەشتیگەلی رووسی یاوەری ئێرانییەکان دەبن و بەرپرس دەبن لە گەیاندنی نەوتەکە بە سەلامەتی بۆ سووریا".

هەروەها روونیشی دەکەنەوە، ئەو رێوشوێنانە لە چەند رۆژی رابردوو چونەتە بواری جێبەجێکردنەوە، 4 کەشتی نەوتی ئێران لە لایەن کەشتی جەنگی رووسیاوە یاوەری کراون، کە بارەکانیان نەوتی خاو و گازی سروشتی بووە. هەروەها چەند کەشتییەکی دیکەش لە ئێرانەوە بەرەو سووریا دەکەونەڕێ، کاڵای خۆراکی و چەند کاڵایەکی سەرەکیان هەڵگرتووە، لە پیشەسازی تایبەتی دەرمان بەکار دێن.

هاوتای بارەکانی ئێران، رووسیاش بەردەوام بڕی جیاواز گەنم بۆ سووریا هەناردەدەکات، ئەوەش لە چوارچیوەی رێککەوتنەکانە کە لە ماوەکانی رابردوو لە نێوان هەردوو وڵات واژۆکرابوو، بە جۆرێک تاوەکو کۆتایی مانگی حوزەیران بەردەوام دەبێت، ئەوەش بەو واتایەی سووریا پێویستییەکانی لە ئارد تاوەکو ناوەڕاستی ساڵی 2022 پڕ دەبێتەوە.

بەمشێوە كاڵاكان دەگوازنەوە
بەمشێوە كاڵاكان دەگوازنەوە