جاریكی دیكە لە میسر شەمەندەفەرێك لەرێدەرچوو و 8 كەس كوژران و 97 كەسیش برینداربوون

لەماوەی هەفتەیەکدا ئەمە دووەم رووداوی وەرگەڕان و لەرێدەرچوونی شەمەندەفەرە لە میسر
رووداوی شەمەندەفەر
رووداوی شەمەندەفەر

K24 – ھەولێر:

لە میسر بەهۆی لەرێدەرچوونی شەمەندەفەرێکەوە 8 کەس گیانیان لەدەستدا و 97ی دیکەش برینداربوون.

رووداوەکە لە پارێزگای قەلیوبیە روویداوە و تا ئێستا 8 کەس گیانیان لەدەستداوە و 97ی دیکەش برینداربوونە و ژمارەیەکی دیکەش گیریان خواردووە و تیمەکانی فریاگوزاری سەرقاڵی رزگاركردنیانن.

لەماوەی هەفتەیەکدا ئەمە دووەم رووداوی وەرگەڕان و لەرێدەرچوونی شەمەندەفەرە لە میسر.

هەر ئەم هەفتەیە لە رووداوێکی هاوشێوەدا لە پاریزگای مینیا قامە 15 کەس برینداربوون.

26ی ئاداری ئەم ساڵیش دوو شەمەندەفەری دیکە لە پارێزگای سوهاق پێکیاندادا و بەهۆیەوە 18 کەس گیانیان لەدەستدا و دەیانی دیکەش برینداربوون.

کۆنی شەمەندەفەرەکان و خراپی رێرەو و هێڵه‌ ئاسنینه‌كانی شەمەندەفەر لە میسر وایکردووە ساڵانە چەندین رووداوی وەرگەران و پێکدادان و لە رێدەرچوونی شەمەندەفەر لەو وڵاتە رووبدات و سەدان کەس دەبنە قوربانی.